حکومەتی عێراق دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی ڕەوانەی دادگا کرد و بەدووری
نازانێت کەسایەتییە تێوەگلاوەکان دەستگیر بکرێن؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە بارەگای
کۆنترۆڵکەر لە جورف سەخر بۆ کردنەوەی تەواوەتی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی دانیشتووانەکەی
پێکهێنراوە.
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند،
پاراستنی هێڵی بۆرییە نەوتییەکان ئەرکی لەپێشینەی حکومەتە و تەنها لە ناوچەیەکی
جوگرافیی دیاریکراودا کورت نابێتەوە، بەڵکو تەواوی ناوچەکانی وڵات دەگرێتەوە.
عەبوودی ئاشکرای کرد، دەزگا ئەمنییەکان ڕێنماییان پێ دراوە بەدواداچوون بۆ
هەموو گومانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت بکەن و لایەنە تایبەتمەندەکانیش ڕاپۆرت و زانیارییان
لەوبارەیەوە پێشکەشی سەرۆکوەزیران کردووە. جەختی کردەوە، دۆسیەکە ڕەوانەی دادگا
کراوە و هەر کەسێک ناوی لە لێکۆڵینەوەکاندا بێت، دەستی دادگای پێ دەگات.
سەبارەت بە دۆخی جورف سەخر، وتەبێژی حکومەت ڕوونی کردەوە، هیچ ناکۆکییەک لە
نێوان یەکە سەربازییەکانی ناوچەکەدا نییە و دەوڵەت تایبەتمەندی دەداتە ناوچەکە بۆ
نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی زیانلێکەوتووان.
عەبوودی ئاماژەی بەوەش دا، گونجاو نییە هەندێک ناوچە وێنای ناسەقامگیری ببەخشن
و لە بودجەی ساڵی 2027ـدا ڕەچاوی زۆر بۆ جورف سەخر دەکرێت. دووپاتیشی کردەوە، هێزە
ئەمنییەکان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەموو ناوچەکانی عێراق و ڕێگە بە
گەڕانەوەی هیچ نیگەرانییەکی پێشوو لە جورف سەخر نادەن، هەروەها متمانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش
بە عێراق دەستی بە گەڕانەوە کردووە.
257 جار خوێندراوەتەوە