مەسرور
بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی
"شەمس" ڕایگەیاند، هەرگیز شەڕی ناوخۆ هەڵناگیرسێتەوە و دەرگای دانوستان
بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ کراوەیە، هاوکات جەختی کردەوە هەولێر تەواوی پاڵپشتیی
پێشکەش بە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کردووە، بەڵام تا ئێستا کێشەکان
چارەسەر نەکراون.
سەبارەت بە
دانوستان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، مەسرور
بارزانی ڕوونی کردەوە کە ئەوان هەرگیز دەرگای گفتوگۆیان دانەخستووە و کاراکردنەوەی
پەرلەمان دژی هیچ لایەنێک نەبووە. ئاماژەی بەوە دا ئەو هەنگاوە بەرپرسیارێتییەکی
نەتەوەیی و ئەخلاقی بووە بەرامبەر دەنگدەران بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و شەرعییەتی
هەرێم، تا کەشێک بڕەخسێت پەرلەمان دەستبەکار بێتەوە و پاشان دانوستانی پێکهێنانی
حکومەت دەست پێ بکات.
لەبارەی ئەگەری
هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە ڕوونی ڕەتی کردەوە و وتی،
هەڵبژاردن چوار ساڵ جارێک بۆ دیاریکردنی براوە بەڕێوە دەچێت و ئەوانەشی
نەیانبردووەتەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەرفەتیان هەیە. ئەو بە پێویستی زانی
کورد خۆی لە شەڕی ناوخۆ لە نێوان ناوچە و حزبەکان بەدوور بگرێت و پێشمەرگە
ڕووبەڕووی یەکتر نەبنەوە و ناکۆکییە سیاسییەکان بە ڕێگەی سەربازی یەکلا نەکرێنەوە.
پەیوەست بە
دۆسیەی بەغدا و سیستمی فیدراڵی، مەسرور بارزانی کێشەی سەرەکیی بۆ بیرکردنەوەی
هەندێک کەس گەڕاندەوە کە لە فیدراڵیزم تێناگەن و بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی مامەڵە
لەگەڵ ماددەکانی دەستووردا دەکەن. دووپاتیشی کردەوە، فیدراڵیزم دابەشبوون نییە
بەڵکو دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە و هەرێمی کوردستان لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا
بە ویستی خۆی بووەتە بەشێک لە عێراقێکی فیدراڵی تا مافی هەموو پێکهاتەکان
بپارێزرێت و هیچ نەتەوە یان لایەنێکی مەزهەبی باڵادەست نەبێت.
سەرۆکی حکومەت
هۆشداریشی دا، کاتێک هێزێکی باڵادەست بیەوێت بەرامبەرەکەی بچووک بکاتەوە کاردانەوە
دروست دەبێت، بۆیە باشترین ڕێگە بۆ عێراقی ئەمڕۆ ڕێزگرتنە لە دەستوور و کاری
پێکەوەیی. لەبارەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراقیشەوە جەختی کردەوە، کێشەکە کەسی نییە
و ڕێزێکی زۆریان بۆ عەلی زەیدی هەیە، بەڵکو ئامانجیان پشتگیریکردنی
سەرۆکوەزیرانێکە کە دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکات و مافەکانی هەرێم بپارێزێت.
110 جار خوێندراوەتەوە