دەستەی داکۆکیکردن لە موڵکی سلێمانی داوای ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵکی کارگەی جگەرە دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:46 - 19/11/2026
کوردستان
+
-

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی هۆشداری لە هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کارگەی کولتووری (کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانی) دەدات و داوا لە هاووڵاتییان، ڕۆشنبیران و هونەرمەندان دەکات ڕێگری لە واژۆکردنی گرێبەستێکی 49 ساڵە بۆ ئەو موڵکە 25 دۆنمییە بکەن.

 

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، بەپێی بەدواداچوونەکانیان ماوەی چەند مانگێکە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و نووسینگەکەی تەنگیان بە ڕێکخراوی "کولتوور و گەشەپێدانی بەردەوام" هەڵچنیوە تا گرێبەستە 15 ساڵییەکەی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیری هەڵبوەشێنێتەوە، لە کاتێکدا هێشتا چەند ساڵێکی ماوە؛ ئەمەش بۆ ئەوەی خۆیان بە موساتەحە گرێبەستێکی 49 ساڵە بەناوی ڕێکخراوی "فاوەندیشن" لەگەڵ وەزارەتەکە واژۆ بکەن.

 

کارگەی جگەرەی جارانی سلێمانی لە ساڵی 2019ـەوە لە وەزارەتی پیشەسازییەوە خراوەتە سەر وەزارەتی ڕۆشنبیری. بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئێستا زیاتر لە 50 پڕۆژە لە کارگەی کولتووریدا بە بەشداریی سەدان هونەرمەندی بەئەزموون و گەنج، کە زۆربەیان خۆبەخشن، چالاکی دەکەن و پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوە جیهانییەکاندا دروست کردووە.

 

دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی سلێمانی نیگەرانیی خۆی لە پێدانی موڵکێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ڕێکخراوێکی ناحکومی دەربڕیوە کە "کەسایەتییەکی حیزبی و حکومی لە پشتەوەیە"، و مەترسیی ئەوەشی خستووەتە ڕوو ئەم موڵکە 25 دۆنمییە هاوشێوەی موڵکە پارێزراوە ژینگەییەکان، فەرمانگەکان و قوتابخانەکانی دیکە هەمان چارەنووسی هەبێت.

 

دەستەکە ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکردنی ئەو بانگەشانە ناو بردووە کە بۆ سلێمانی وەک "پایتەختی ڕۆشنبیری" دەکرێن، لە کاتێکدا شارەکە چەندین ساڵە بە دەست نەبوونی شانۆ، سینەما، گەلەری و ناوەندی کولتوورییەوە دەناڵێنێت؛ هاوکات داوای ڕەتکردنەوەی هەنگاوەکە و ڕێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکەی کردووە.

176 جار خوێندراوەتەوە