بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم پێشبینی دەکات لە 48 کاتژمێری داهاتوودا
پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی یەک بۆ دوو پلەی سیلیزی بەرز ببنەوە و
لە ناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بارینی کەمێک باران هەبێت.
کەشناسیی هەرێم
ڕایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان بەگشتی پەڵەهەور و نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە
شاخاوییەکانی باکووریش هەندێک جار دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لەگەڵ ئەگەری بارینی
کەمێک باران لەو ناوچانەدا. خێرایی با لەسەرخۆ (5 بۆ 15 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا)
و بە ئاراستەی گۆڕاو دەبێت و مەودای بینینیش لە نێوان 9 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت.
بەپێی
پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما ئەمڕۆ بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ یەک بۆ دوو پلەی
سیلیزی بەرز دەبنەوە؛ بەرزترین پلە لە گەرمیان 24 پلە، چەمچەماڵ 23 پلە، هەولێر و
هەڵەبجە 22 پلە، سلێمانی 21 پلە، پیرمام و دهۆک و زاخۆ 20 پلە و لە حاجی ئۆمەران 14
پلەی سیلیزی دەبێت.
سەبارەت بە
سبەی یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور
دەبێت و لە کاتەکانی شەودا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور و هەوری تەواو، لەگەڵ ئەگەری
بارینی کەمێک باران لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان. خێرایی و ئاراستەی با و مەودای
بینینیش هاوشێوەی ئەمڕۆ بە جێگیری دەمێننەوە.
بەرزترین
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی یەکشەممە بەراورد بە ئەمڕۆ یەک بۆ دوو پلەی
دیکە بەرز دەبنەوە؛ بە جۆرێک لە گەرمیان دەگاتە 26 پلە، هەولێر و هەڵەبجە و
چەمچەماڵ و زاخۆ 24 پلە، سلێمانی و دهۆک 23 پلە، پیرمام 21 پلە و لە حاجی ئۆمەران 15
پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.
35 جار خوێندراوەتەوە