لەسەر ڕێنمایی
عەلی فالح زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرمانی دیوانی بۆ پێکهێنانی
بارەگای سەرپەرشتیار لە جورف سەخر دەرچوو کە لە کاتژمێر شەشی بەیانیی 20ـی تشرینی
دووەمی 2026ـەوە دەکرێتەوە و چوار پێکهاتەی ئەمنی و سەربازی لەخۆ دەگرێت.
سەباح نوعمان،
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد،
بارەگاکە لە هەموو ڕوویەکەوە سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵییە و لە
چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی جورف سەخردا فەرماندەیی و کۆنترۆڵی سەرجەم یەکە
ئەمنییەکانی ژێر فەرمانی دەکات.
بەپێی فەرمانە
دیوانییەکە، فەریق ڕوکن ئەحمەد حاتم حەمید وەک فەرماندەی بارەگا سەرپەرشتیارەکە
دیاری کراوە و دوو جێگری بۆ دانراوە؛ لیوا ڕوکن حوسێن عەلی نەسیف وەک جێگر بۆ
کاروباری بەرگری و عودەی عەبدولئەئیمە مەسحەب وەک جێگر بۆ کاروباری حەشدی شەعبی.
هەر بە گوێرەی
ڕاگەیەندراوەکە، چوار پێکهاتەی سەربازی و ئەمنی پەیوەست دەبن بە بارەگاکەوە کە
بریتین لە لیوایەک لە سوپای عێراق، لیوایەک لە پۆلیسی فیدراڵی، دوو لیوا لە دەستەی
حەشدی شەعبی و فەوجێک لە پۆلیسی وزە بە مەبەستی دابینکردنی پاراستن بۆ بۆرییە
نەوتییەکانی ناوچەکە.
هاوکات
فەرمانەکە جەختی کردووەتەوە کە بارەگا سەرپەرشتیارەکەی جورف سەخر بە بەرزترین ئاست
هەماهەنگی لەگەڵ هەریەک لە فەرماندەیی پۆلیسی بابل و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی
کەربەلا، ئەنبار و بەغدا دەکات.
172 جار خوێندراوەتەوە