تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات؛ ئەگەری سەرهەڵدانی پەتایەکی گشتگیر لە ئارادایە

KNN : Kurdish News Network
10:40 - 21/11/2026
تەندروستی
+
-

سەرچاوەیەک لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە لە ئەگەری دەرکەوتنی ڤایرۆسێکی نوێی ئەنفلۆنزای جۆری (A) کە بۆهێڵی ئاژەڵی هەڵگرتبێت، ڕەنگە پەتایەکی گشتگیر سەرهەڵبدات و بە خێرایی لە جیهاندا بڵاو ببێتەوە.

 

سەرچاوەکە لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانی تووشبوونەکانی ئەنفلۆنزا بۆ پەتایەکی گشتگیر لەم وەرزەدا ڕایگەیاند، پەتای گشتگیری ئەنفلۆنزا کاتێک دروست دەبێت کە ڤایرۆسێکی نوێی جۆری (A) لە ڕێگەی پرۆسەی "لادانی دژەپەیداکەر"ەوە بۆهێڵی ئاژەڵان (باڵندە یان بەراز) وەربگرێت. ئەم ڤایرۆسە توانای تووشکردنی مرۆڤ و گواستنەوەی کارای لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە هەیە.

 

بە وتەی سەرچاوەکەی تەندروستیی جیهانی، لە سیناریۆیەکی لەو جۆرەدا دانیشتووان هێشتا بەرگریی گشتییان (بەرگریی کۆمەڵ) پەیدا نەکردووە. بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە جەوهەرییانەشەوە لە پێکهاتەی ڤایرۆسەکەدا، بەرگری لای زۆرینەی خەڵک نزیکە لە نەبوون، ئەمەش ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتاکە لە سەرتاسەری جیهان و زۆربەی کات لە دەرەوەی وەرزی ئاساییدا دەدات.

 

ئەنفلۆنزای جۆری (A) هەوکردنێکی توندی ڤایرۆسییە کە تووشی کۆئەندامی هەناسە دەبێت و زۆربەی کات دەبێتە هۆی پەتای وەرزی. ئەم جۆرە توانای دروستکردنی پەتای گشتگیری هەیە، چونکە بە خێرایی گۆڕانکاری بەسەردا دێت و تووشی هەموو تەمەنە جیاوازەکانی مرۆڤ و ئاژەڵانیش دەبێت.

 

ئەم جۆرە ئەنفلۆنزایە ڕەنگە ببێتە هۆی چەندین ماکی تەندروستیی وەک هەوکردنی سییەکان، هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، هەوکردنی گوێ، هەوکردنی کەلێنەکانی لووت یان توندبوونەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان. منداڵانی بچووک، بەساڵاچووان، خانمانی دووگیان، تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و ئەوانەی بەرگریی جەستەیان لاوازە، زیاتر لە مەترسیی تووشبوون بە حاڵەتی توندی نەخۆشییەکەدان.

9 جار خوێندراوەتەوە