وانەبێژانی لادراو داوا دەکەن بە بڕیاری گشتاندن لە جێگەی مامۆستایانی خانەنشین دابنرێنەوە

KNN : Kurdish News Network
11:28 - 19/11/2026
کوردستان
+
-

نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی لادراو لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لە یاداشتنامەیەکدا بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان داوا دەکەن لە ڕێگەی بڕیارێکی گشتاندنەوە تەواوی وانەبێژە لادراوەکان لە جێگەی مامۆستایانی خانەنشین دابنرێنەوە.

 

بەپێی یاداشتنامەکە، ئەو مامۆستایانە لە نێوان ساڵێک بۆ 13 ساڵ بە بڕەپارەیەکی کەم خزمەتی کەرتی پەروەردەیان کردووە و لە ڕۆژگارە سەختەکاندا نەیانهێشتووە خوێندن پەکی بکەوێت، بەڵام دواتر بەبێ ویستی خۆیان و بەهۆی هاتنی مامۆستای میلاک، نەبوونی مۆڵەتی دایکایەتی و نەخۆشییەوە لە پیشەکەیان لادراون.

 

نوێنەرانی وانەبێژە لادراوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە 16ـی ئەیلوولی 2024 و بەپێی نووسراوی ژمارە (287) فۆرمی گەڕانەوەیان پڕ کردووەتەوە تا هەموویان دابنرێنەوە، بەڵام بڕیاری لەجێگەدانانیان بۆ دەرچووە و پرۆسەکە بە سستی بەڕێوە دەچێت.

 

لە یاداشتنامەکەدا هاتووە، بەپێی ڕێکارەکانی ئێستا دەبێت مامۆستایەکی گرێبەست واز بهێنێت یان کۆچی دوایی بکات بۆ ئەوەی وانەبێژێکی لادراو لە شوێنی دابنرێت، ئەمەش مامۆستایانی خستووەتە دۆخێکی دەروونیی خراپەوە؛ بۆیە داوای دانانەوەیان لە شوێنی مامۆستایانی خانەنشین دەکەن تا خزمەتی نەوەی داهاتوو بکەن.

113 جار خوێندراوەتەوە