سەرچاوەکان
ئاماژە بەوە دەکەن، چارەسەری دۆسیەی کشانەوەی کەتائیبی حزبوڵا لە جەرف سەخر
لانیکەم ساڵێک دەخایەنێت و ڕەنگە تا دوای ناوەڕاستی ساڵی 2027 درێژ ببێتەوە، لە
کاتێکدا ناوەندە نزیکەکان لەو گرووپە بوونی بڕیاری کشانەوە لە بنەڕەتدا ڕەت
دەکەنەوە.
لە کاتێکدا
حکومەت چوونەناوەوەی هێزەکان بۆ جەرف سەخر بۆ یەکەمجار لە ماوەی 12 ساڵدا
ڕادەگەیەنێت، سەرچاوە ناوخۆییەکان بە ڕۆژنامەی "مەدا"یان ڕاگەیاندووە،
پۆلیسی فیدراڵی چەند ساڵێکە لە دەرەوەی ئەوەی بە "چوارگۆشەی کەتائیب"
دەناسرێت بوونی هەیە. سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، چارەنووسی لیواکانی 45،
46 و 47ی سەر بە کەتائیب هێشتا ناڕوونە و دیار نییە هێزە نوێیەکان چوونەتە
ناوچەکانی هەژموونی ئەوان یان نا.
سەرکردەیەکی
شیعەی نزیک لە گرووپە چەکدارەکان بە "مەدا"ی وتووە، ئەوەی ڕووی داوە
پاڵپشتیکردنی هێزە جێگیربووەکانی حەشد، گۆڕینی یەکەکانی پۆلیسی فیدراڵی و
زیادکردنی پۆلیسی وزەیە نەک دەرکردنی کەتائیب. ئەو ڕوونی کردووەتەوە، ئەگەر بڕیاری
کشانەوەی کەتائیبی حزبوڵا بدرێت، لانیکەم ساڵێک کاتی دەوێت بۆ کۆکردنەوەی چەک و
ئۆتۆمبێلەکان و هەڵوەشاندنەوەی بارەگاکان، هاوکات سەرچاوە ناوخۆییەکان هێزە
زیادکراوەکان بە دۆستی کەتائیب وەسف دەکەن.
ناوەندەکانی
ناو چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایان کردووە، زەیدی سوور بووە لەسەر ڕووبەڕووبوونەوە
و لە بەرامبەردا کەتائیب پێش گەیشتنی قائانی هەڕەشەی گواستنەوەی گرژییەکانی بۆ
ناوچەی سەوز کردووە. بە وتەی سەرکردە شیعەکە، دەستپێشخەریی ئێران ڕۆڵی هەبووە لە
کۆنترۆڵکردنی ڕووبەڕووبوونەوەکە و ئەگەری هەیە مۆڵەتی کشانەوەی کەتائیب تا دوای
30ی حوزەیرانی 2027 درێژ ببێتەوە.
سەرچاوەکانی
ناو هاوپەیمانیی شیعە باسیان لەوە کردووە، تاران بە تەواوی لە هەڵوێستی کەتائیب
ڕازی نەبووە و ئامۆژگاریی کردوون چەک ڕادەست بکەن، تێکەڵ بە کاری سیاسی ببن و
پۆستی حکومی وەربگرن. بە وتەی ئەو سەرچاوانە، ئێران کار لەسەر ئامادەکردنی
پێکهاتەی چەکداریی نوێ بە سەرکردایەتیی ڕێکخراوتر و نزیکتر لە تاران دەکات، لە
چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی نەخشەی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا.
لە
پەرەسەندنێکی دیکەی ئەمنیدا، گرووپێکی چەکداری بە ناوی "عەسائیبی جیهاد"
دەرکەوتووە کە هەڕەشە لە هێزە شیعەکان دەکات و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوی
نمایش کردووە. ئەمەش گومانی جیابوونەوەی ئەو گرووپەی لە عەسائیبی ئەهلی حەق دروست
کردووە، هەرچەندە عەسائیب پێشتر ئەو گێڕانەوەیەی ڕەت کردووەتەوە.
لە لایەکی
دیکەوە، تەقینەوەی بۆریی گازی دابینکەری وێستگەی هاریسە لە بەسرە کوژراو و دەیان
برینداری لێ کەوتەوە. حکومەت لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەست پێ کردووە و
پێشبینییەکان باس لە بەئامانجگرتنی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکەن، بەڵام هیچ
لایەنێکی فەرمی ئەو ئەگەرەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
139 جار خوێندراوەتەوە