پۆلیسی وزە کۆنترۆڵی بۆرییە نەوتییەکانی سەخر توند دەکاتەوە و 12 خاڵی چاودێری دادەنێت

KNN : Kurdish News Network
12:59 - 21/11/2026
عێراق
+
-

هێزەکانی پۆلیسی وزە کۆنترۆڵی ئەمنیی خۆیان بەسەر ڕێڕەوی بۆرییە نەوتییەکاندا لە ناحیەی جورف سەخر توند دەکەنەوە و 12 خاڵی چاودێریی نوێیان دروست کرد، بە ئامانجی پاراستنی سامانی نیشتمانی و مسۆگەرکردنی بەردەوامیی کاری تۆڕی نەوتی.

 

لیوا دکتۆر میقداد میری، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاند، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی وزە بۆ دووەم ڕۆژی لەسەریەک لە ئەرکە ئەمنییەکانیان بەردەوامن بۆ پاراستنی گورزەی بۆرییە نەوتییەکان لە سنووری بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ناحیەی جورف سەخر، کە درێژییەکەی زیاتر لە پێنج کیلۆمەترە. ئەرکەکە بە سەرپەرشتیی مەیدانیی فەریق روکن مافپەروەر حامد عەبدوڵا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی وزە بەڕێوە دەچێت.

 

میری ڕوونی کردەوە، فەوجێکی سەر بە لیوای کۆماندۆ لەم ئەرکەدا بەشدارە و بە پشتبەستن بە هەوڵی هونەری و ئامێرە تایبەتمەندەکان، ڕێگەیەکی مەیدانییان لە تەنیشت گورزەی بۆرییە نەوتییەکانەوە کردووەتەوە. ئەم هەنگاوە بۆ ڕێکخستنی ڕێڕەوەکان لە ناوچە سەختەکەدا و ئاسانکردنی جووڵەی هێزە ئەمنییەکانە، تاوەکو بتوانن ئەرکە مەیدانییەکانیان جێبەجێ بکەن.

 

لە چوارچێوەی ئەرکەکەدا هێزەکان 12 خاڵی ئەمنییان دروست کردووە، بە جۆرێک نزیکەی بۆ هەر 500 مەترێک خاڵێکی چاودێرییان داناوە، سەرەڕای دروستکردنی بارەگایەک بۆ فەوجەکە. ئەم هەنگاوانە بڵاوبوونەوەی ئەمنی بەهێز دەکەن و پێداویستییەکانی بەدواداچوون و چاودێریی بەردەوام بە درێژایی ڕێڕەوی بۆرییەکان دابین دەکەن.

 

وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە، ئەم ئەرکە لە پێناو بەهێزکردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی کۆنترۆڵی مەیدانی و پاراستنی ڕێڕەوی بۆرییە نەوتییەکان ئەنجام دەدرێت، تاوەکو بەردەوامیی کاری تۆڕی نەوتی و پاراستنی سامانی نیشتمانی مسۆگەر ببێت.

198 جار خوێندراوەتەوە