عێراق لەبارەی وەرگرتنی 50 دۆلار لە گەشتیارانی ئێران و 44 وڵاتی تر روونکردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:19 - 22/11/2026
عێراق
+
-

وەزارەتی گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، زیارەتکاران و گەشتیارانی ئێرانی و لوبنانی ناچنە چوارچێوەی پلانەکانی سەپاندنەوەی ڕسوماتی گەشتیارییەوە، لە بەرامبەردا عێراق بە بڕیاری لێخۆشبوونی ڕسومات بۆ هاووڵاتییانی 44 وڵاتی دیکەدا دەچێتەوە.

 

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕوونی کردەوە، پاش ئەو مشتومڕەی بەهۆی لێدوانەکانی عەلی دوخەیلی، وەزیری گەشتوگوزار لەبارەی فرۆشتنی بەڵگەنامەی گەشت بە 50 دۆلار دروست بوو، پەیوەندییان بە باڵیۆزخانەی ئێرانەوە لە بەغدا کردووە. بەپێی وەڵامی لایەنی ئێرانی، "پاسپۆرتی خادم" بەخۆڕایی دەردەکرێت و تەنها دەدرێتە ئەو هاووڵاتییە ئەفغانی و پاکستانییانەی نیشتەجێی ئێرانن، تا هاتن و چوونەدەرەوەیان لە کاتی زیارەتی چلەدا ڕێک بخرێت.

 

وەزارەتەکە جەختی کردەوە، بەپێی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە، گەشتیارانی ئێران و لوبنان هیچ ڕسوماتێکیان لەسەر ناسەپێنرێت، چونکە ئەو دوو وڵاتەش ڕسوماتی هاوشێوە لە هاووڵاتییانی عێراق وەرناگرن. هاوکات ئاشکرای کرد، پێداچوونەوە بە بڕیاری ڕاگرتنی ڕسوماتی گەشتیاری بۆ هاووڵاتییانی ئەو 44 وڵاتە دەکەن کە پارە لە عێراقییەکان وەردەگرن و پابەندی مامەڵەی هاوشێوە نین، بەڵام هیچ وادەیەکی بۆ دەرکردنی بڕیارەکە دیاری نەکرد.

 

ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو عەلی دوخەیلی ڕەخنەی لە ڕێککەوتنی لێخۆشبوونی ڤیزا لە نێوان عێراق و ئێران گرت و بە زیانبەخش بۆ عێراق ناوی برد. وەزیرەکە باسی لەوە کردبوو کە ئاراستەیەک هەیە بۆ سەپاندنەوەی بڕی 50 دۆلار بەسەر زیارەتکارە ئێرانییەکاندا و ئێرانیشی بە فرۆشتنی پاسپۆرتی تێپەڕبوون بە پاکستانی و ئەفغانییەکان بە 50 دۆلار تۆمەتبار کردبوو، ئەمەش کاردانەوەی ئێرانی لێ کەوتەوە و داوای بەڵگەیان کرد.

 

پێشتریش ڕۆژی شەممە باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران ڕەتی کردەوە هیچ گفتوگۆیەکی فەرمی لە نێوان بەغدا و تاران بۆ سەپاندنەوەی ڤیزا هەبێت و دووپاتی کردەوە ئەو پرسە لە دانوستانە دووقۆڵییەکاندا نەخراوەتە ڕوو. عێراق و ئێران پێشتر بۆ ئاسانکاریی هاتوچۆی گەشتیاران، بەتایبەت لە کاتی زیارەتە ئایینییەکانی کەربەلا و نەجەفدا، ڕسوماتی ڤیزایان لە نێوان هەردوولادا هەڵوەشاندبووەوە.

28 جار خوێندراوەتەوە