ئاگرکەوتنەوەیەک لە وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری بەسرە، گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی 28 کەسی دیکەی لێ کەوتەوە. فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە ئامارەکەی وەک ئاماری سەرەتایی بڵاو کردەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانیش ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
فەرمانگەی تەندروستیی بەسرە، ئەمڕۆ شەممە، ڕایگەیاند، تا ئێستا لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکەی قەزای هارسە، دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و 28 کەسی دیکەش بریندار بوون. فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە دۆخی بریندارەکان لە ڕووی مەترسییەوە لە یەکدی جیاوازە.
تەندروستیی بەسرە جەختی کردەوە، سەرجەم تیمە پزیشکییەکان، تیمەکانی فریاکەوتن و ئەمبوڵانسەکان لە ئامادەباشیی تەواودان و بەردەوام لە شوێنی ڕووداوەکە ئامادەن، تاوەکو بە خێرایی فریای بەرکەوتووان بکەون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست بیانگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە.
پێشتریش بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاندبوو، تیمەکانیان توانیویانە ئەو ئاگرە کۆنترۆڵ بکەن کە لە وێستگەی کارەبای هارسە لە باکووری پارێزگای بەسرە کەوتبووەوە.
49 جار خوێندراوەتەوە