محەمەد باقر قاڵیباف،
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند؛ وڵاتەکەی لە دۆخی "نە جەنگ و نە
ئاشتی"دا نامێنێتەوە، هۆشداریش دەداتە ئەمریکا کە ئەگەر مەرجەکانی تاران قبوڵ
نەکەن و هەڵەیەک بکەن، ئەوا سوپای ئێران جوگرافیای جەنگەکە دیاری دەکات.
قاڵیباف لە
وتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی ئاماژەی بە ئاشکراکردنی "شارێکی نوێی
مووشەکی" ژێرزەویی ئێران کرد و وتی: دروستکردنی ئەم شارە مووشەکییە لە کاتی
جەنگ و ژێر ئاگری دوژمندا، تەنها دەستکەوتێکی تەکنیکی و بەرگری نییە، بەڵکو هێمایە
بۆ گۆڕینی هاوکێشە ستراتیژییەکانی ناوچەکە.
سەبارەت بە
ئەمریکا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوان گرنگ نییە واشنتن
دانوستانی دەوێت یان جەنگ، بەڵام ئەگەر حەوت مەرجە لۆژیکییەکەی ئێران قبوڵ بکەن،
ئەوا دەرگای ڕێککەوتن کراوەیە.
لە بەشێکی
دیکەی قسەکانیدا، قاڵیباف وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری گەنجینەی ئەمریکای دایەوە و
بە "بێمانا و نائەخلاقی" وەسفی کرد. ڕاشیگەیاند؛ ئەو بەرپرسەی ئەمریکا
لە ترسی هەڕەشەکان هەڵاتووە بۆ پەناگە سەربازییەکان، بۆیە باشترە لەبری
سووکایەتیکردن بە نەتەوەکان، بیر لە شکستە ستراتیژییەکانیان بکاتەوە لە کەنداو.
179 جار خوێندراوەتەوە