بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران 70 هەزار پۆلیس لە پاریس بڵاوەیان پێدەکرێت

KNN : Kurdish News Network
03:26 - 13/11/2026
جیهان
+
-

دەسەڵاتدارانی ئەمنیی فەرەنسا ڕەزامەندییان دا لەسەر ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی فراوان لە پاریسی پایتەخت بۆ سبەینێ شەممە. لە بەرامبەردا وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە زیاتر لە 70 هەزار پۆلیس و کارمەندی ئەمنیی بۆ پاراستنی ئاسایش و مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پشێوییەک بڵاوەپێدەکات.

 

خۆپیشاندانەکە کە پێ دەنێتە هەفتەی پێنجەمییەوە و دژی گرانبوونی بژێویی ژیانە، بە بەشداریی هەماهەنگیکارانی "هێلەک زەردەکان"، سەندیکاکان، ڕێکخراوە مەدەنی و ژینگەییەکان بەڕێوەدەچێت. ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکە لە گۆڕەپانی کۆمارەوە دەست پێدەکات و بە گۆڕەپانی باستیلدا تێدەپەڕێت بەرەو گۆڕەپانی نەتەوە.

 

دەیڤد لیبسکیند، پارێزەر و نوێنەری هەماهەنگیکارانی خۆپیشاندانەکە ڕایگەیاند؛ توانراوە سەرجەم ناڕەزایەتییەکان لە یەک خۆپیشاندانی یەکگرتوودا کۆبکرێنەوە. هاوکات خۆپیشاندەران دژی پڕۆژەیاسایەکن کە ڕێگە بە هێزە ئەمنییەکان دەدات چەک بەکاربهێنن و بە "مۆڵەتی کوشتن" ناوی دەبەن. لای خۆیەوە لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جەختی لە بڵاوەپێکردنی هێزەکان کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە.

61 جار خوێندراوەتەوە