حکومەتی عێراق ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی لەلایەن هەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانانەوە ڕاگەیاند و پێشبینی دەکات بۆ یەکەمجار لە مێژووی وڵاتەکەدا، داهاتی نانەوتی بۆ لانی کەم 19٪ بەرزببێتەوە
حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ڕەشنووسەکە گۆڕانکاری لە ئامرازەکانی دارایی لەخۆگرتووە، لەوانە "پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان" و "سندووقی نەوەکان"، ئەمەش بۆ پاراستنی ئابووریی عێراقە لە دابەزینی کتوپڕی نرخی نەوت. بەرزبوونەوەی داهاتی نانەوتیش کە پێش ساڵی 2026 لە 11٪ تێپەڕی نەدەکرد، بۆ ڕێکارەکانی نەهێشتنی گەندەڵی، بەئەلیکترۆنیکردنی خاڵە سنوورییەکان و باشترکردنی کۆکردنەوەی باج دەگەڕێتەوە
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، وتەبێژی حکومەت دەڵێت، ناکۆکییەکان لەسەر داهاتی نەوت هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجەن. بەغدا لە ڕەشنووسەکەدا داوای لانی کەم 445 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دەکات، لە کاتێکدا هەرێم دەڵێت بەرهەمی لەو ژمارەیە کەمترە. عەبوودی جەختیکردەوە کە حکومەتی فیدراڵی زانیاریی هەیە بەرهەمی نەوتی هەرێم زیاترە لەوەی ڕایدەگەیەنێت، ئەم دۆسیەیەش بووەتە گرێکوێرەی بەردەم ڕێککەوتنی هەردوولا
143 جار خوێندراوەتەوە