سەنتەری پیو بۆ
توێژینەوە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2035 ئایینی ئیسلام پێش مەسیحییەت بکەوێتەوە و
ببێتە گەورەترین ئایینی جیهان، ئەمەش بەهۆی بەرزیی ڕێژەی وەچەخستنەوەی موسڵمانان و
گەشەی خێرای ژمارەی شوێنکەوتووانی.
بەپێی
توێژینەوەکەی سەنتەرەکە کە دامەزراوەیەکی سەربەخۆیە و بارەگاکەی لە واشنتنە، تا
ساڵی 2035 ژمارەی موسڵمانان دەگاتە نزیکەی 2.57 ملیار کەس بەرامبەر 2.52 ملیار مەسیحی، بەمەش کۆتایی بە پێشەنگیی
چەندین سەدەی مەسیحییەت دێت. ئەگەر ئاراستەکانی ئێستا بەردەوام بن، تا ساڵی 2070 ژمارەی موسڵمانان دەگاتە نزیکەی 3.6 ملیار کەس (37%ـی دانیشتووانی جیهان، بە بەراورد بە 26%
لە ساڵی 2020ـدا) و مەسیحییەکانیش دەگەنە 3 ملیار کەس و بە ڕێژەی 29% لە پلەی دووەمدا دەمێننەوە.
توێژینەوەکە
گەشەی سروشتیی دانیشتووان و زۆریی لەدایکبوون بە بەراورد بە مردن، وەک هۆکاری
سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە دادەنێت. لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2025، تێکڕای وەچەخستنەوە بۆ هەر ژنێکی موسڵمان 3.1 منداڵ و بۆ هەر ژنێکی مەسیحی 2.5 منداڵە، لە کاتێکدا بۆ ئایینەکانی دیکە
پێکەوە 1.6 منداڵە؛ ئەمەش لە خوار ئاستی جێگرەوەی
دانیشتووانەوەیە کە 2.1 منداڵە بۆ پاراستنی قەبارەی دانیشتووان.
لە نێوان
ساڵانی 2020 تا 2070، دانیشتووانی جیهان بە ڕێژەی 29%
زیاد دەکەن و تەنها ئیسلام (بە گەشەی 80%) و مەسیحییەت (بە گەشەی 30%)
هاوتای ئەم خێراییە دەبن یان تێیدەپەڕێنن. هاوکات هەردوو ئایینەکە بەهۆی گۆڕینی
ئایین یان وازهێنان لە ئایینەوە بەشێک لە شوێنکەوتووانیان لەدەست دەدەن، بەڵام
قەبارەی زیانەکان جیاوازە؛ مەسیحییەت 105 ملیۆن کەس و ئیسلام نزیکەی 8 ملیۆن کەس لەدەست دەدات.
سەبارەت بە
پێکهاتەکانی دیکە تا ساڵی 2070، ژمارەی هیندۆسەکان بە گشتی زیاد دەکات
بەڵام پشکیان بۆ 13.6% دادەبەزێت و جووەکانیش بە هەمان شێوە
پشکیان دەگاتە 0.17%. هاوکات ژمارە و پشکی بودییەکان بۆ نزیکەی 2.5%
کەم دەبێتەوە، هەروەها ئایینەکانی وەک بەهایی، تاویی، جاینی، سیخی و ئایینە
خۆجێییەکان گەشەیەکی کەم دەکەن و پشکیان بۆ کەمتر لە 2% دادەبەزێت؛ پشکی ئەوانەشی سەر بە هیچ
ئایینێک نین (بێباوەڕان و نەزانینخوازان) لە 24%ـی ساڵی 2020ـەوە بۆ 17% کەم دەبێتەوە.
گۆڕانکارییەکان
نەخشەی جوگرافیش دەگرنەوە؛ سەنتەرەکە پێشبینی دەکات تا ساڵی 2070 مەسیحییەت وەک گەورەترین ئایین لە ویلایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بمێنێتەوە بەڵام چیتر زۆرینەی دانیشتووان پێکنەهێنێت، لە
کاتێکدا کۆماری کۆنگۆی دیموکرات پێش ئەمەریکا دەکەوێتەوە و دەبێتە ئەو وڵاتەی
زۆرترین ژمارەی مەسیحیی جیهانی تێدایە.
114 جار خوێندراوەتەوە