لووتکەی
سێقۆڵیی چین، ڕووسیا و ئەمەریکا بۆ یەکەمجار لە شاری شنجن دەستی پێ کرد و سەرۆکی
ئەمەریکاش لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی
ئەتۆمی و کەمکردنەوەی مەترسییە ئەتۆمییەکان کردەوە.
ترەمپ، سەرۆکی
ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە کۆبوونەوەی ئەمەریکا، ڕووسیا و چین بۆ یەکەمجار لەم لووتکە
مێژووییەدا مێژوو تۆمار دەکەن و دەرفەتێکیان بۆ دەڕەخسێت تا ئاسۆی نوێ بۆ هەمووان
تاوتوێ بکەن. ئاماژەی بەوەش دا بەرپرسیارێتییەکی تایبەتیان لەسەر شانە بۆ پاراستنی
گفتوگۆیەکی بەرهەمدار و کراوە کە کاریگەریی لەسەر گەلەکانیان و جیهان هەیە.
سەبارەت بە
دۆسیەی ئەتۆمی، سەرۆکی ئەمەریکا جەختی کردەوە پێویستە مەترسییەکانی بەکارهێنانی
چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا کەم بکرێنەوە و دەرفەتیان هەیە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتیی
کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو چەکە بکەن. هاوکات هاوکاریی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و
ڕێگریکردن لە هەڕەشەکانی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی بە جەوهەری ناوبرد و وتی:
"ڕێگە بە ئێران نادەین ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
لەلای خۆیەوە،
شی جینپینگ، سەرۆکی چین، لووتکەکەی بە خاوەن گرنگییەکی مێژوویی و وەرچەرخان وەسف
کرد و ڕایگەیاند: "جیهان لە ئاشتیدا دەبێت کاتێک زلهێزەکان بە هاوسەنگی و
تەبایی پێکەوە بژین." هەروەها جەختی کردەوە ناخۆشی و قەیرانەکان
بەرپرسیارێتیی ڕاستەقینە دەردەخەن و داوای کرد هەرسێ وڵات پێکەوە کار بکەن بۆ
ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و قەیرانە جیهانییەکان.
هاوکات سەرۆکی
ڕووسیا لە میانی لووتکەکەدا دووپاتی کردەوە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشیان لە
پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتیدا لەسەر شانە و ڕایگەیاند، لە ئەگەری
هاوکاریکردنیاندا دەتوانن ڕۆڵ لە بەهێزکردنی ئاشتی و سەقامگیریدا بگێڕن.
99 جار خوێندراوەتەوە