ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران: پێویستە لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی بکشێینەوە

KNN : Kurdish News Network
03:17 - 12/11/2026
جیهان
+
-

لە بەیاننامەیەکدا، ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی توندی دایە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و جەختی لە پێویستیی چاوخشاندنەوە بە ستراتیژی بەرگریی وڵاتەکەیدا کردەوە.

 

ئەنجوومەنەکە، کە باڵاترین دامەزراوەی ئایینی و سیاسییە لە ئێراندا، ئاماژەی بەوە کرد کە هەڕەشە بەردەوامەکانی دوژمنان بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەیان دەریدەخات کە چیتر ناتوانرێت پشت بە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان ببەسترێت. لەم چوارچێوەیەدا، داوای لێکۆڵینەوەی کرد لە بژاردەی چوونەدەرەوەی ئێران لە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی (NPT)، وەک هەنگاوێک بۆ دروستکردنی توانای بەرپەرچدانەوەی پێویست، کە بە وتەی ئەوان بووەتە داواکارییەکی گشتی لە ناوخۆی وڵاتدا.

 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، ئەنجوومەنەکە هۆشداریی دایە وڵاتانی دراوسێ کە ئاسایشی ناوچەکە تەنها لەلایەن گەلانی ناوچەکەوە دەپارێزرێت و بوونی هێزی بێگانە نەک تەنها یارمەتیدەر نییە، بەڵکو هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیرییە.

 

هەروەها، ئەنجوومەنی شارەزایان هێرشی کردە سەر ئەو هەوڵانەی ئامانجیان تێکدانی باری کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئێرانە، بەتایبەت لە پرسی باڵاپۆشی (حیجاب)، و بە پیلانی دوژمنان بۆ لەبەرەیەکهەڵوەشاندنەوەی ناوخۆیی کۆمەڵگەی ئیسلامی وەسفی کرد. هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ بەرەی مقاوەمە لە یەمەن و لوبنان دووپات کردەوە.

124 جار خوێندراوەتەوە