ئەمریکا دوو عێراقی و یەک ئێرانی بە تۆمەتی هاوکاری حیزبوڵڵا و سوپای پاسداران دادگایی دەکات.

KNN : Kurdish News Network
10:52 - 11/11/2026
جیهان
+
-

وەزارەتی دادی ئەمریکا و نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، سێ کەسیان بە تۆمەتی کارکردن بۆ سوپای پاسدارانی ئێران و کەتائیبی حیزبوڵڵا دایە دادگا. تۆمەتبارەکان تێوەگلاون لە نزیکەی ٢٠ هێرش و هەوڵی هێرشکردن لە ئەوروپا و ئەمریکا، لەنێویاندا پیلانی تەقاندنەوەی بنکەیەکی سەربازی لە بەریتانیا و پەرستگەیەکی جووەکان لە نیویۆرک

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمیی داواکاری گشتیی نیویۆرک، تۆمەتبارەکان بریتین لە؛ محەممەد باقر سەعد داود ئەلسەعدی (٣٢ ساڵ - هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی و ئێرانی)، موحسین مهاجری (٤٨ ساڵ - ئێرانی) و محەممەد عەلی ئەلحەسەنی (٣٥ ساڵ - عێراقی). ئەو سێ کەسە ڕووبەڕووی هەشت تۆمەتی فیدراڵی کراونەتەوە کە بەپێی یاسا سزاکەیان دەگاتە زیندانیی هەتاهەتایی

 

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، تۆمەتبارەکان لە ناوخۆی عێراقەوە پیلانی هێرشەکانیان داڕشتووە و لەژێر ناوی گرووپێکی ساختەدا بە ناوی (حەرەکەتی ئەسحاب ئەلیەمین ئەلئیسلامییە) لە بەهاری ٢٠٢٦دا نزیکەی ١٨ هێرشیان لە ئەوروپا ئەنجام داوە کە حەوتیان لە بەریتانیا بووە. لە نیسانی ٢٠٢٦دا، تۆمەتبارەکان لە ژوورێکدا لە عێراق لە ڕێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیی (FaceTime)ـەوە ڕاستەوخۆ فەرمانیان بە ئەنجامدەرانی هێرشەکان کردووە بۆ سووتاندن و تەقاندنەوەی ئامانجەکان لە لەندەن

 

بەشێکی دیکەی دۆسیەکە ئاشکرای دەکات، دوای دەستگیرکردنی ئەلسەعدی لە ئایاری ٢٠٢٦ و گواستنەوەی بۆ زیندانی نیویۆرک، ناوبراو لە ناو زیندانەوە لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە عێراق، بە زمانی نهێنی و کۆد پەیامی بۆ مهاجری و ئەلحەسەنی ناردووە و داوای لە خێزانەکەی کردووە پارە بدەنە ئەلحەسەنی بۆ جێبەجێکردنی هێرشێکی نوێ

 

دوای سێ ڕۆژ لە دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی ئەلسەعدی، لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، ئەلحەسەنی لە ئێرانەوە سەرپەرشتیی پیلانی هێرشکردنە سەر بنکەی هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا (RAF Fairford)ی کردووە کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیر کراون. لە هەوڵەکەدا سێ ئۆتۆمبێلی جۆری (ڤان) بەکارهێنراون کە لۆگۆی ساختەی کۆمپانیای گواستنەوەی سووتەمەنی و پاککردنەوەی مەلەوانگەیان لێدرابوو و بەرمیلی سووتەمەنی، ماددەی کیمیایی و پارچە ئاسنیان تێدا بووە، بەڵام لە ٢٧ی ئەیلوولدا هێزە ئەمنییەکانی بەریتانیا دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلەکاندا گرتووە و ئەنجامدەرانیان دەستگیر کردووە.

110 جار خوێندراوەتەوە