زیانە ماددیەکانی لافاوەکەی هەولێر راگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
11:58 - 15/11/2026
کوردستان
+
-

ئیدارەی خۆجێیی هەولێر ئاماری کۆتایی زیانەکانی لافاو و باراناوە بەخوڕەکەی حەوتی ئەم مانگەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ زیاتر لە هەزار و 700 ماڵ و دوکان لەگەڵ سەدان ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، لە ئێستاشدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ دیاریکردنی میکانیزمی قەرەبووکردنەوەیان.

 

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند؛ ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی، مانگی سووری عێراقی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، بەردەوامن لە پرۆسەی ڕووپێوی و بەدۆکیومێنتکردنی وردی زیانەکان. بەپێی ئامارەکان تا ئێستا هەزار و 740 ماڵ و شوێنی بازرگانی و 171 ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، ماڵەکان زۆرترین زەرەرمەند بوون کە ژمارەیان 850 ماڵە و دواتر 650 دوکان و شوێنی بازرگانی دێن، بەمەش هەردوو کەرتەکە 86٪ـی کۆی شوێنە زیانلێکەوتووەکان پێکدەهێنن. بڕیاریشە ڕاپۆرتێکی گشتگیری مەیدانی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت بۆ بڕیاردان لەسەر شێوازی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.

118 جار خوێندراوەتەوە