سەرۆکوەزیرانی
عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرێبەستە سەربازییەکان لەگەڵ کۆمپانیا
نێوەندگیرەکان، و ئاڕاستەکردنی مامەڵەکان تەنها بۆ کۆمپانیا سەرەکییەکانی
بەرهەمهێنەر لەڕێگەی دەستەی پیشەسازیی سەربازییەوە.
عەلی زەیدی،
سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەمیانی سەردانێکیدا بۆ
دەستەی پیشەسازیی سەربازی جەختی کردەوە؛ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێوەندگیرەکان
بەتەواوی قەدەغەیە، ئەمەش بۆ زامنکردنی شەفافییەت و نەهێشتنی گەندەڵی لە پرۆسەی
پڕچەککردنی سوپادا.
لە
کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانی دەستەکە، زەیدی ڕایگەیاند؛ عێراق خاوەنی توانای
ناوخۆییە بۆ دروستکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان، و داوای فراوانکردنی
بەشداریی کەرتی تایبەت و کۆمپانیا پسپۆڕەکانی ئەو بوارەی کرد. هەروەها جەختی لە پێویستیی هەماهەنگی
لە نێوان دەستەی پیشەسازیی سەربازی و وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ و دەستەی حەشدی
شەعبی کردەوە بۆ دیاریکردنی پێداویستییە ڕاستەقینەکانیان.
لە کۆتایی
سەردانەکەشدا، سەرۆکوەزیران بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیی بۆ پێشانگەی دەستەکە
ئەنجامدا و چەکە دروستکراوە ناوخۆییەکانی وەک درۆن، چەکی جۆراوجۆر، ئامێری چاودێری
و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی بینی، و بەڵێنی دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی دا بۆ
بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆیی.
10 جار خوێندراوەتەوە