چاودێریی ئەتۆمی: هیچ ئاماژەیەک بۆ مەترسیی ڕاستەوخۆی تیشکدانەوە لەسەر عێراق نییە

KNN : Kurdish News Network
01:09 - 05/11/2026
عێراق
+
-

دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمیی عێراق دڵنیایی دەدات کە تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ هەبوونی مەترسیی ڕاستەوخۆی تیشکدانەوە لەسەر وڵاتەکە نییە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کرد.

 

فازڵ حاوی مزبان، سەرۆکی دەستەی نیشتمانیی چاودێریی ئەتۆمی و تیشکیی عێراق ڕایگەیاند؛ بەپێی هەڵسەنگاندنەکان و دووریی سەدان کیلۆمەتریی ئەو دامەزراوانە لە سنوورەکانی عێراقەوە، هەروەها هەڵکەوتەی جوگرافییان لەناو شاخەکاندا کە سەدان مەتر لەژێر زەویدان، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ماددە تیشکدەرەکان لەسەر خاکی عێراق زۆر سنووردار دەبێت.

 

سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاڕاستەی با لە چینەکانی سەرەوەی کەشوهەوادا یارمەتیدەر دەبێت بۆ دوورخستنەوەی هەر پاشماوەیەکی تیشکدەر لە خاکی عێراق. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕێکارە پێویستەکان گیراونەتەبەر و سیستەمی چاودێری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە ناوچە سنوورییەکان بەستراونەتەوە بە تۆڕە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆمەوە بۆ زوو ئاشکراکردنی هەر گۆڕانکارییەکی نائاسایی.

 

دەستەی چاودێریی ئەتۆمی جەختیشیکردووەتەوە کە پاراستنی هاووڵاتییان و ژینگە لە پێشەنگی کارەکانیاندایە، و داوا لە هاووڵاتییانیش دەکات تەنها پشت بە زانیارییە فەرمییەکان ببەستن و بڕوا بە دەنگۆکان نەکەن.

123 جار خوێندراوەتەوە