بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری
داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە باشووری ئیدارەی گەرمیان، بەشێک لە
سلێمانی و باشووری کەرکووک نمەباران دەبێت. لە ئێوارە و شەویشدا ئەگەری
بارانبارین لە سنووری ئیدارەی سۆران، ناوچە شاخاوییەکان، پارێزگای دهۆک و ئیدارەی
زاخۆ هەیە، پلەکانی گەرماش یەک بۆ دوو پلە بەرز دەبنەوە.
بۆ سبەینێ
پێنجشەممەش، کەشناسی پێشبینی دەکات کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست
کەمێک زیاد بکات و بەگشتی ئاسمان هەوری تەواو بێت، لەگەڵ نمەبارانی پچڕپچڕ. لە
دوای نیوەڕۆوە ڕێژەی بارانبارین زیاد دەکات و هەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێی
پێشبینییەکان، بارانبارین لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دهۆک، ئیدارەی زاخۆ و سۆران
بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر دەبێت و لە کاتەکانی شەودا کاریگەرییەکەی لاواز
دەبێت. هاوکات سبەینێ پلەکانی گەرما دوو بۆ سێ پلە، و لە ناوچە شاخاوییەکانیش
سێ بۆ چوار پلە نزم دەبنەوە.
113 جار خوێندراوەتەوە