وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بڕی 834 ملیار و 920 ملیۆن دینار بۆ پارەدارکردنی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم خرایە سەر هەژمارەکەیان، بەڵام بەهۆی ڕێکارە تەکنیکییەکان و پشووەکانی کۆتایی هەفتەوە، پارەکە ڕۆژی یەکشەممە دەچێتە سەر هەژماری مووچەخۆران.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، وەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو بڕی 120 ملیار دیناری وەک پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێم بڕیوە. هەروەها زیاتر لە چوار ملیار و 476 ملیۆن دیناری لە پارەی ئەم مانگە نەناردووە، کە تایبەتە بە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
وەزارەتەکە ئاشکرایکردووە، بەهۆی درەنگ گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەت لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی، تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە دەکەوێتە سبەینێ پێنجشەممە. هاوکات لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران ئەمڕۆ بڵاودەکرێتەوە، بەڵام گواستنەوەی پارەکە بە سیستەمی (ACH) بۆ سەر هەژماری مووچەخۆران کاتی دەوێت، بۆیە پرۆسەکە دەکەوێتە ڕۆژی یەکشەممە.
278 جار خوێندراوەتەوە