لە وەڵامی
هێرشکردنە سەر فڕۆکەیەکی ئەمریکی، فڕۆکە جەنگییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی
ئەمریکا سەکۆیەکی موشەکیی سوپای پاسدارانیان لە دوورگەی قیشمی ئێران کردە ئامانج و
وێرانیان کرد.
بەپێی
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵ و زانیارییەکانی هەردوو تۆڕی ئەکسیۆس و فۆکس
نیوز، شەوی دووشەممە سوپای پاسداران لە دوورگەی قیشمەوە موشەکێکی زەمین بۆ ئاسمانی
ئاراستەی فڕۆکەیەکی ئەمریکی کردووە لە گەرووی هورمز، لە بەرامبەریشدا فڕۆکە
ئەمریکییەکە وەک بەرگرییەک لە خۆی، بە خێرایی وەڵامی داوەتەوە و سەکۆی هەڵدانی
موشەکەکەی تێکشکاندووە.
ئەم تازەترین
هێرشە سنوردار و نهێنییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی
ئەمریکا باس لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ تاران دەکات. هاوکات لە یەکەمین خولەکەکانی
بەرەبەیانی سێشەممە، دانیشتووانی ناوچەکە باسیان لە بیستنی دەنگی چەندین تەقینەوەی
بەهێز کردووە لە دوورگەی قیشم.
676 جار خوێندراوەتەوە