دەستەی
دەستپاکی فیدراڵی، سزای زیندانیکردنی توندی بەسەر عالیە نوسەیف جاسم، پەرلەمانتاری
عێراق و رائید جبوری، پارێزگاری پێشووی سەڵاحەدیندا سەپاند، بەهۆی سوودوەرگرتن لە
پۆستە گشتییەکانیان و بەکارهێنانی بۆ بەرژەوەندیی تایبەت. بەپێی
بڕیارەکەی دەستەی دەستپاکی، هەردوو سەرپێچیکار پابەندکراون بە گەڕاندنەوەی بڕی 10
ملیار دینار، کە ئەو بڕە پارەیەیە لێی سوودمەند بوون.
هاوکات،
سەرچاوەیەکی دادوەری ئاشکرایکردووە، سزای عالیە نوسەیف دوو ساڵ زیندانیکردنە، کە
بە پشتبەستن بە دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت دەرچووە،
کە لە دۆسیەیەکی پەیوەندیداردا تۆمەتبارە. هەر لە
چوارچێوەی هەمان دۆسیەدا، رائید جبوری سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا
سەپێنراوە. پێشتریش هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە
مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا جبورییان دەستگیرکردبوو.
ئەمە لە
کاتێکدایە، لە مانگی ئەیلولی ڕابردووشدا، عالیە نوسەیف دوو سزای دیکەی بەسەردا
سەپێنرابوو، یەکەمیان حەوت ساڵ زیندانیکردن بەهۆی دەوڵەمەندبوونی نایاساییەوە، و
دووەمیشیان سێ ساڵ زیندانیکردنی توند بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی سەروەت و
سامانەکەیدا. هەروەها بانکی ناوەندی عێراق لە
مانگی ئابدا بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی 12 کەسایەتی سیاسی دەرکرد کە
عالیە نوسەیف یەکێکیان بوو.
115 جار خوێندراوەتەوە