وەزارەتی کار داوای تەرخانکردنی بودجە بۆ تۆڕی چاودێریی خێزان و کەمئەندامان لە بودجەی عێراق دەکات

KNN : Kurdish News Network
05:58 - 03/11/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرد بۆ تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ تۆڕی چاودێریی خێزان و کەمئەندامان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2027دا

 

کوێستان محمد عبداللە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە داواکارییەکەیدا کە لە 2026/11/2 پێشکەشی کردووە، جەخت لەسەر جێبەجێکردنی ماددەکانی 14، 30 و 32 ی دەستووری عێراق دەکاتەوە سەبارەت بە پاراستنی مافی کەمئەندامان و هەژاران

 

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەت، لە ساڵی 2015ەوە مووچەی سوودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی ڕاگیراوە و لە 2013ـەوە تۆمارکردنی نوێ بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت راوەستاوە، لەکاتێکدا زیاتر لە 100 هەزار خێزانی هەژار و 30 هەزار کەمئەندام چاوەڕێی وەرگرتنی مافەکانیانن و مووچەی ئێستای کەمئەندامان لە هەرێم تەنها 150 هەزار دینارە

 

لە نامە فەرمییەکەدا سێ داواکاریی سەرەکی خراونەتەڕوو؛ تەرخانکردنی 467 ملیار دینار بۆ بودجەی ساڵانەی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و کەمئەندامان، بەرزکردنەوەی مووچەی کەمئەندامان بۆ 250 هەزار دینار هاوشێوەی پارێزگاکانی تری عێراق، و دەستپێکردنەوەی تۆماری نوێ بۆ کەمئەندامان و 100 هەزار خێزانی هەژار.

178 جار خوێندراوەتەوە