قاڵیباف: وەڵامی ئێران بۆ دوژمن بێسنوور و چاوەڕواننەکراو دەبێت

KNN : Kurdish News Network
11:41 - 03/11/2026
جیهان
+
-

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە بەرزترین ئاستی ئامادەیی سەربازی و بەرگریدایە و هۆشداریش دەدات لەوەی هەر هەڵەیەکی ئەمریکا، ڕووبەڕووی وەڵامێکی چاوەڕواننەکراو و بێسنوور دەبێتەوە.

 

محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران (پەرلەمان) لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، سەردەمی دەستدرێژییەکان بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کۆتایی هاتووە و ڕێبەری باڵای ئێرانیش ستراتیژی سەربازیی وڵاتەکەی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو دیاری کردووە.

 

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر ئەمریکا هەر هەڵەیەکی ستراتیژی بکات، باجی قورس دەدات و وەڵامی ئێران بۆ ئەو کارە، وەڵامێکی چاوەڕواننەکراو دەبێت کە هیچ سنوورێکی جوگرافی ناناسێت و سەرجەم پێشهاتەکان و سامانی دوژمن لەناودەبات.

 

قاڵیباف جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتندایە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەمریکا جەنگێکی نوێ بەرپا بکات، ئەوا دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ڕزگاربوون زۆر قورستر دەبێت بۆی.

119 جار خوێندراوەتەوە