ئێران: بە بێ هەڵگرتنی گەمارۆکان گەرووی هورمز ئارامی بەخۆیەوە نابینێت

KNN : Kurdish News Network
01:03 - 02/11/2026
جیهان
+
-

ئێران هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر گەمارۆی دەریایی لەسەری هەڵنەگیرێت و داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن، ئەوا گەرووی هورمز ئارام نابێت، هاوکات واشنتۆنیش بە هەوڵدان بۆ شکستپێهێنانی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکان تۆمەتبار دەکات.

 

ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند؛ ئەمریکا تا ئێستا سەلماندوویەتی کە کار بۆ لەباربردنی هەر هەوڵێکی دیپلۆماسی دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران مەرج و داواکارییەکانی خۆی بە ڕوونی و بەشێوەیەکی مەعقوڵ خستووەتەڕوو، پێشنیازەکەشی کورتکراوەتەوە بەجۆرێک لە ماوەی دوو ڕۆژدا دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتۆندایە و دەبێت بڕیاری خۆی بدات.

 

بەقایی ئاشکراشیکرد کە ئاڵوگۆڕی نامە لەنێوان تاران و واشنتۆن لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە بەردەوامە و ئامانجی سەردانەکەی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێرانیش بۆ دەوحە، ئاسانکاریکردنە بۆ گەیاندنی ئەو نامانە. جەختیشیکردەوە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران سەرپەرشتیی دیپلۆماسییەت دەکات و محەمەد باقر قالیباف هێشتا سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێرانە، تاران بەهیچ شێوەیەک پابەندبوونی تاکلایەنە قبوڵ ناکات.

138 جار خوێندراوەتەوە