ئەمریکییەکان دەچنە سەر سندوقی دەنگدان؛ راپرسییەکان ئاماژەن بۆ سەرکەوتنی دیموکراتەکان

KNN : Kurdish News Network
10:12 - 03/11/2026
جیهان
+
-

ئەمڕۆ دەرگای بنکەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی نیوەی خوللە ئەمریکا دەکرێتەوە و کۆتا دەرەنجامی ڕاپرسییەکانیش پێشەنگیی دیموکراتەکان نیشان دەدەن. ئەنجامەکان هەڕەشەی جدی لە لەدەستدانی زۆرینەی کۆمارییەکان لە هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەراندا دەکەن.

 

بەپێی کۆتا داتای ڕاپرسییە گشتییەکان، بەشێکی زۆری دەنگدەران دەیانەوێت دیموکراتەکان کۆنترۆڵی کۆنگرێس بکەن. ڕاپرسییەکانی (NBC News) و (Marist Poll) ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەدا 52ی دەنگدەران پشتگیری دیموکراتەکان دەکەن، لە کاتێکدا ئەو ڕێژەیە بۆ کۆمارییەکان لە نێوان لەسەدا 44 بۆ 45دایە.

 

لە کێبڕکێی ئەنجومەنی پیراندا کە کۆمارییەکان بە 53 کورسی باڵادەستن، دیموکراتەکان لە 5 ویلایەتی یەکلاکەرەوەدا پێشەنگن. لە تێکساس کە بە قەڵایەکی کۆمارییەکان دادەنرێت، بەربژێری دیموکراتەکان بە جیاوازیی زیاتر لە دوو خاڵ پێشەنگە. بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانیش، پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان 230 کورسی بەدەستبهێنن و زۆرینە مسۆگەر بکەن.

 

گوزەران و بەرزبوونەوەی نرخەکان هۆکاری سەرەکیی چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدانە بۆ لەسەدا 74ی ئەمریکییەکان، دواتریش پرسەکانی پاراستنی دیموکراسی و کۆچبەران دێن. هاوکات، ئاستی حەماسەتی دەنگدەرانی دیموکرات بۆ بەشداریکردن زیاترە لە کۆمارییەکان.

216 جار خوێندراوەتەوە