بەرزبوونەوەی نرخی نەوت عێراق لە قەرزکردن ڕزگاردەکات و بودجە دەبووژێنێتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:58 - 01/11/2026
ئابوری
+
-

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، دەرفەتێکی نوێی بەخشییەوە بە ئابووریی عێراق بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان و تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجە. چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ئەم داهاتە زیادەیەوە، هەزاران هەلی کار بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت بەبێ پەنابردن بۆ قەرزی دەرەکی.

 

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند؛ بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی نەوت داهاتەکانی وڵاتی زیادکردووە و حکومەت ئەو پارەیە بۆ خەرجییە گشتییەکان بەکاردەهێنێت. هاوکات دەنگۆی وەرگرتنی 16 تریلیۆن دینار قەرزی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان ڕەتکردەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران ئاماژە بەوە دەکات؛ سوودوەرگرتن لەم دۆخە پێویستی بە بەڕێوەبردنی دروستی خەرجییەکان، زیادکردنی بڕی هەناردە و سەقامگیریی جوڵەی بازرگانی هەیە. جەختیش دەکاتەوە کە دەبێت داهاتە زیادەکان بکرێنە بنەمایەک بۆ سەقامگیریی دارایی عێراق.

 

بڕیارە لەم مانگەدا پڕۆژەیاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت. عامر نەسروڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرایکرد؛ سەرۆکوەزیران ڕەزامەندیی لەسەر دابینکردنی 120 هەزار پلەی وەزیفەیی داوە، بەڵام لیژنەی دارایی پێشنیازی کردووە بۆ زیاتر سوودمەندبوونی هاووڵاتییان، ژمارەکە بۆ 200 هەزار پلە بەرزبکرێتەوە.

251 جار خوێندراوەتەوە