دادگای فیدراڵی ڕێگە بە وەبەرهێنان و خاوەندارێتیی بیانییەکان لە عێراق دەدات

KNN : Kurdish News Network
02:31 - 27/10/2026
عێراق
+
-

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش (ی رژێمی پێشوو)ی بە نادەستووری ناساند، کە پێشتر ڕێگریی دەکرد لە خاوەنداری و وەبەرهێنانی سەرمایەی بیانییەکان لە کۆمپانیاکانی ناوخۆی عێراقدا.

 

لە دانیشتنێکی دادگادا کە ئەمڕۆ سێشەممە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مونزر ئیبراهیم حوسێن بەڕێوەچوو، دادگا تاوتوێی سکاڵایەکی کرد کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دژی سەرۆکی پەرلەمان تۆمار کرابوو.  سکاڵاکە داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە (23)ی ساڵی 1994ی دەکرد کە دواتر لە ساڵی 1997دا هەموار کرابووەوە. بەپێی ئەو بڕیارە کۆنە، کارکردن بەو یاسایانە ڕاگیرابوو کە ڕێگەیان بە کەسانی ناعێراقی دەدا موڵک بکڕن یان وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکاندا بکەن.

 

بەپێی بڕیارە هەڵوەشاوەکەی پێشوو، هەر کەسێک سەرپێچی بکردایە بە زیندانیکردن بۆ ماوەی یەک تا سێ ساڵ سزا دەدرا و بۆ کەسانی عێراقیش سزاکە دوو ساڵ بوو، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی موڵک یان سەرمایە وەبەرهێنراوەکە. دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم بڕیارە پێچەوانەی ماددەکانی (23، 25، 26)ی دەستووری ساڵی 2005ـی عێراقە، بۆیە بە کۆدەنگی و بە شێوەیەکی بنبڕ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دا کە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەندکەرە.

215 جار خوێندراوەتەوە