بانکی ناوەندیی عێراق سیستمێکی ئەلیکترۆنی بۆ گۆڕینەوەی پارەی دڕاو و تێکچوو دەخاتە کار

KNN : Kurdish News Network
11:48 - 18/10/2026
ئابوری
+
-

بانکی ناوەندیی عێراق سیستمێکی ئەلیکترۆنیی نوێی بۆ گۆڕینەوەی دراوی دڕاو و تێکچوو خستە کار، بە ئامانجی سادەکردنەوەی ڕێکارەکان و کارئاسانیکردن بۆ هاووڵاتییان تاوەکو بە شێوازێکی خێراتر و ڕێکخراوتر سوود لەم خزمەتگوزارییە وەربگرن.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی بانکەکە کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، سیستمەکە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات لە ڕێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی "ئور"ەوە داواکاری بۆ گۆڕینەوەی پارە تێکچووەکانیان پێشکەش بکەن. پرۆسەکە بە تۆمارکردن و جێگیرکردنی زانیارییە داواکراوەکان دەستپێدەکات و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بانکی ناوەندیی عێراق ڕێکارە پێویستەکان بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕینەوەکە جێبەجێ دەکەن.

 

بانکی ناوەندی جەختی کردووەتەوە، دامەزراندنی ئەم سیستمە لە چوارچێوەی هەنگاوەکانیاندایە بەرەو وەرچەرخانی دیجیتاڵی و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە بانکییەکان، بە جۆرێک کە کات و ماندووبوونی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە. هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی بەستەری (https://currency.app.cbi.iq) داواکاری پێشکەش بکەن و لە ڕێگەی بەستەری (https://cbi.iq/page/86) لە ماڵپەڕی فەرمیی بانکەکە، زانیاری لەسەر ڕێنماییەکانی گۆڕینەوەی دراوی تێکچوو وەربگرن.

206 جار خوێندراوەتەوە