بانکی ناوەندیی
عێراق بڕیاری دا بڕی یەک ترلیۆن دیناری دیکە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی نیشتەجێبوون و
پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان تەرخان بکات، بەمەش کۆی گشتیی پارەی تەرخانکراو بۆ
کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەگاتە سێ ترلیۆن دینار.
بەپێی
نووسراوێکی فەرمیی بانکی ناوەندیی عێراق کە واژۆی د. عیماد عەبدولحەسەن جیاد،
بەڕێوەبەری گشتیی لەسەرە و ئاراستەی بانکی خانوبەرە کراوە، بڕیارەکە پشتبەست بە
یاسای ژمارە (56)ی ساڵی 2004ی هەموارکراو دەرچووە. ئامانج لە زیادکردنی ئەم بڕە پارەیە،
جێبەجێکردنی داواکاریی ئەو هاووڵاتییانەیە کە دەیانەوێت یەکەی نیشتەجێبوون لەناو
کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکاندا بکڕن.
لە
نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، خەرجکردنی ئەم بڕە پارەیە بەپێی هەمان مەرجەکانی
نووسراوی پێشووی بانکەکە دەبێت کە لە 22ی ئابی 2024 دەرچووە. هاوکات داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی
بانکی خانوبەرە کراوە سەردانی بارەگای بانکی ناوەندی لە شەقامی ڕەشید بکات،
بەمەبەستی واژۆکردنی پاشکۆی گرێبەستەکە و تەواوکردنی ڕێکارە فەرمییەکان.
151 جار خوێندراوەتەوە