مەرجی نوێ بۆ گۆڕینەوەی پارەی دڕاو و تێکچوو بۆ هاووڵاتیان راگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
02:11 - 19/10/2026
ئابوری
+
-

بانکی ناوەندیی عێراق میکانیزمی نوێی گۆڕینەوەی پارەی دڕاو و تێکچوو لە ڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە، ئەگەر تێکچوونی پارەکە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە نەبێت، بێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتییان دەگۆڕدرێتەوە.

 

حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵیی عێراقیی ڕاگەیاند، وەرگرتنی داواکاری بۆ گۆڕینەوەی پارەی تێکچوو لە بنەڕەتدا لە ڕێگەی بانکەکانەوە دەبێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێک لە بانکەکان پارەی دڕاو وەرناگرن و بانکی ناوەندیش ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان ناکات، کێشە بۆ خەڵک دروست بووە.

 

بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، بانکی ناوەندی بڕیاری داوە پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنی لەناو پێگەی (ئور) بکاتەوە؛ هاووڵاتییان دەتوانن لەو ڕێگەیەوە زانیارییە داواکراوەکان پڕبکەنەوە تاوەکو وادەی سەردانیکردنی لایەنی پەیوەندیداریان بۆ دیاری بکرێت و پارە تێکچووەکە ڕادەست بکەن، بڕەکەی هەر چەندێک بێت.

 

سەبارەت بە تێچووی گۆڕینەوەی پارەکان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بانکی ناوەندی ڕوونی کردەوە، ئەگەر پارەکە بەهۆی ڕووداوی نەخوازراو و لەدەرەوەی ئیرادەی هاووڵاتییەکە تێکچووبێت، بێ بەرامبەر دەگۆڕدرێتەوە، بەڵام ئەگەر بەهۆی کەمتەرخەمی و پارێزگارینەکردنەوە بێت، بەپێی ڕێنماییەکان ڕێژەیەکی دیاریکراو وەک تێچووی گۆڕینەوە لە پارەکە دەبڕدرێت.

189 جار خوێندراوەتەوە