وەزیری
گەیاندنی عێراق ڕایگەیاند؛ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو یەکەمین وێستگەی زەمینیی مانگە
دەستکردەکان لە شاری بەغداد دەخرێتە کار، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەدیهێنانی
سەروەریی دیجیتاڵیی وڵاتەکە.
مستەفا سەنەد،
وەزیری گەیاندنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی یەکشەممەی
داهاتوو یەکەم وێستگەی زەمینیی عێراقی بۆ مانگە دەستکردەکان (Teleport) لە
بەغدادی پایتەخت دەکرێتەوە، کە تایبەتە بە مامەڵەکردن لەگەڵ مانگە دەستکردەکانی
خولگەی جوگرافیی جێگیر (GEO).
ناوبراو داواشی
لە سەرجەم دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان، وەزارەتەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی
تایبەت کرد، لەبری پشتبەستن بە ژێرخانی نێودەوڵەتیی دەرەوەی سەروەریی نیشتمانی،
ئەم دەروازەیە وەک وێستگەی سەرەکیی وەرگرتن و ناردن بەکاربهێنن.
وەزیری گەیاندن
جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەم هەنگاوە ئامادەکارییە بۆ قۆناغی داهاتووی پڕۆژەی
سەروەریی بۆشایی ئاسمانیی نیشتمانی، کە لە کاتێکی دیکەدا وردەکارییەکەی ئاشکرا
دەکرێت.
148 جار خوێندراوەتەوە