مستەفا سەید
قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، نەهێنانی ناوی نەوشیروان مستەفا
لە کاتی باسکردنی مێژووی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا "غەدرێکی زۆر
گەورە" بوو، ئاشکراشیدەکات کە دەستبەجێ نیگەرانیی خۆی گەیاندووەتە سەرۆکی
هەرێم و ئەویش دانیناوە بەو هەڵەیەدا و بەڵێنی ڕاستکردنەوەی داوە.
لە لێدوانێکی
تایبەتدا بۆ کەی ئێن ئێن، مستەفا سەید قادر ئاماژەی بە وتەکانی نێچیرڤان بارزانی،
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد لە دیداری مێری، کە تێیدا باسی لە ڕۆڵی مەسعود بارزانی
و جەلال تاڵەبانی کردبوو لە نووسینەوەی دەستووردا بەبێ باسکردنی ناوی نەوشیروان
مستەفا، لەسەر ئەمەش وتی: "ئەمە غەدرێکی زۆر گەورە بوو، بۆیە دەستبەجێ
نامەیەکم بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد و نیگەرانیی خۆمم پێگەیاند".
لەبارەی وەڵامی
سەرۆکی هەرێمەوە، جێگری سەرۆکی هەرێم ڕوونیکردەوە کە لە ڕێگەی نامەیەکەوە وەڵامی
داوەتەوە و وتویەتی: "بەڵێ ڕاستە، من لە شوێنێکی تر عیلاجی دەکەم"،
مستەفا سەید قادر پێیوایە ئەم وەڵامە دەریدەخات کە نەهێنانی ناوەکە تەنها بیرچوون
بووە نەک مەبەستدار.
مستەفا سەید
قادر جەختی لەوە کردەوە کە نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە لە نووسینەوەی
دەستووری عێراقدا و نوێنەری یەکەمی لیستی هاوپەیمانیی کوردستان بووە، ئاماژەی
بەوەش کرد کە پێشتریش مەسعود بارزانی خۆی شایەدیی بۆ ئەو ڕۆڵە مێژووییەی نەوشیروان
مستەفا داوە لە کاتی گفتوگۆکانی نێوان کورد و شیعەدا، بۆیە باسکردنی ئەو مێژووە
بەبێ ناوی ئەو غەدرە.
473 جار خوێندراوەتەوە