جەی دی ڤانس،
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، واشنتۆن بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی لەناوبردووە،
بەڵام داوای پابەندبوون و گەرەنتیی کۆتایی لە تاران دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە
بونیادی نەنێتەوە، جەختیش دەکاتەوە کە کۆتاییهاتنی ئەم ململانێیە نرخی سووتەمەنی
لە ئەمریکا و جیهاندا دادەبەزێنێت.
ڤانس لە
چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس نیوز" ئاماژەی بەوە کرد، هەوڵەکان
بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان هەردوو وڵات کە پێی ناوەتە مانگی هەشتەمییەوە،
هێشتا ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە. وتیشی، ئەمریکا سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوەی
بەدەستهێناوە، بەڵام دەبێت جەنگ بەردەوام بێت تاوەکو ڕێگری لە سەرهەڵدانی
قەیرانێکی جیهانیی وزە و گەڕانەوەی توانا ئەتۆمییەکانی تاران بکرێت.
جێگری سەرۆکی
ئەمریکا دانی بەوەدا نا کە نرخی سووتەمەنی لە ئێستادا زۆر بەرزە، بەڵام
ڕوونیکردەوە ئەگەر هێزی دەریایی وڵاتەکەی ڕێڕەوی هەناردەکردنی نەوت و غازی لە
گەرووی هورمزەوە بە کراوەیی نەهێشتایەتەوە، ئەوا نرخەکان سێ هێندەی ئێستا بەرز
دەبوونەوە.
ئەم لێدوانانە
لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار جەختی لە لەناوبردنی
توانای ئەتۆمی، سەربازی و کەشتیگەلی دەریایی ئێران کردووەتەوە، بەڵام چەند ڕۆژێک
لەمەوبەر ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی نوێی لە ئێستادا بۆ سەر ئەو وڵاتە دوورخستەوە و
ڕایگەیاند کە دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەردەوامن.
133 جار خوێندراوەتەوە