فەرماندەی سێنتکۆم: ئێران ناردنی پارە بۆ گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەی راگرتووە

KNN : Kurdish News Network
10:54 - 17/10/2026
جیهان
+
-

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئاشکرای دەکات، گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە کە گرووپە عێراقییەکانیشیان تێدایە، دەستیان کردووە بە بڕینی مووچەی چەکدارەکانیان و ناردنی پارە بۆ سوپای پاسدارانی ئێران، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەو فشارە ئابوورییانەی دوای نۆ مانگ لە جەنگ ڕووبەڕووی تاران بووەتەوە.

 

ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاند: "گەمارۆی دەریایی زیانی نزیکەی 25 ملیار دۆلاری لە داهاتی نەوتی ئێران داوە، هەروەها لە چەند هەفتەی ڕابردوودا سێنتکۆم و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا توانیویانە 350 ملیۆن دۆلار لە سەروەت و سامانی ئێران بلۆک بکەن کە بە شێوەی دراوی دیجیتاڵی هەڵگیرابوون."

 

کوپەر ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەوانە حزبوڵڵا، حەماس و گرووپە عێراقییەکان، بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو پارەیان لە سوپای پاسداران وەرگرتووە، بەڵام ئێستا لە سایەی هەڵکشانی فشارە داراییەکان لەسەر دامەزراوەی سەربازیی ئێران، داوایان لێکراوە ئەو پارانە بگەڕێننەوە.

 

بە وتەی فەرماندەی سێنتکۆم، ڕاپۆرتەکان دەریدەخەن ئەو گرووپانە مووچەی چەکدارەکانی خۆیان ڕاگرتووە و پارەکە بۆ سوپای پاسداران دەگوێزنەوە کە خۆیشی کێشەی لە پێدانی مووچەی هێزەکانیدا هەیە. هاوکات حکومەتی ئێران مووچە، خانەنشینی و دەرماڵەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و سوپای پاسدارانیشەوە ڕادەگرێت، ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و کاریگەریی ڕاستەوخۆی فشارە ئابوورییەکانە لەسەر توانای تاران بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە داراییەکانی.

90 جار خوێندراوەتەوە