مەترسیی وەستانی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەن لە کەرکووک؛ مۆڵەتی 15 ڕۆژ دەدرێتە وەزارەتی نەوت

KNN : Kurdish News Network
02:34 - 17/10/2026
ئابوری
+
-

کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی وەبەرهێنانی چاککردنی بەنزین لە پارێزگای کەرکووک هۆشداری دەداتە وەزارەتی نەوتی عێراق، کە ئەگەر لە ماوەی 15 ڕۆژدا شایستە داراییەکانیان و ئاستەنگەکانی بەردەمیان چارەسەر نەکرێت، ناچار دەبن کارکردن لە پڕۆژەکەدا ڕابگرن کە ڕۆژانە هاوردەکردنی 10 هەزار بەرمیل بەنزین کەمدەکاتەوە.

 

بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی کۆمپانیای "بەرهەم" بە ژمارە (1160) کە لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 ئاراستەی وەزیری نەوت کراوە، کۆمپانیاکە داوای کردووە شێوازی وەبەرهێنانی پڕۆژەکە لە سیستمی (BOOT)ـەوە کە بەپێی گرێبەستی ژمارە 2ی ساڵی 2015 واژۆ کراوە، بگۆڕدرێت بۆ سیستمی (BOO). لەو چوارچێوەیەشدا پێشنیازی کردووە گرێبەستێکی سەرەکی بۆ کڕینی ماددەی نەفتای چارەسەرنەکراو لە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بکرێت و قەرزەکانی پێشووی کرێی پاڵاوتنیش لە بەرامبەر پێدانی ئەو ماددەیەدا پاکتاو بکرێت.

 

لە نووسراوەکەدا هاتووە، هەرچەندە لە 8ی ئەیلوولی 2025ەوە پڕۆژەکە بەشێوەی کردەیی کەوتووەتە کار و بەردەوامە لە دابینکردنی بەنزینی موحەسەن، بەڵام کەڵەکەبوونی کرێی پاڵاوتن، تەواونەکردنی ڕێکارەکانی متمانەی بانکی، دابیننەکردنی گازوایل بۆ مۆلیدە کارەباییەکان و دواکەوتنی ڕێکارەکانی هێنانی ئامێری نوێ بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان بە بڕی 4 هەزار و 200 بەرمیلی ڕۆژانە، فشاری دارایی و کارگێڕیی زۆری لەسەر دروستکردوون.

 

هاوکات شارەزایانی کەرتی نەوت بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییان (واع) ڕاگەیاندووە، ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور بە تەکنەلۆژیای کۆمپانیای (Honeywell UOP)ی ئەمریکی کار دەکات و لە سێ یەکەی هایدرۆجینکردنی نەفتا (14 هەزار و 400 بەرمیل)، ئایزۆمێرایزەیشن (6 هەزار بەرمیل) و چاککردنی بەنزین (8 هەزار بەرمیل) پێکدێت، کە توانای چارەسەرکردنی 4.75 ملیۆن بەرمیل نەفتای لە ساڵێکدا هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزینی ئۆکتان 92، لەگەڵ بەرهەمهێنانی 150 بۆ 170 تۆن غازی شلی ڕۆژانە.

 

بەپێی خەمڵاندنەکان، پڕۆژەکە ساڵانە لە نێوان 250 بۆ 300 ملیۆن دۆلار سوودی ئابووری بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە و فشار لەسەر دراوی بیانی کەمدەکاتەوە، جگە لە دابینکردنی 350 هەلی کاری ڕاستەوخۆ و سەقامگیرکردنی بازاڕی سووتەمەنی لە کەرکووک و پارێزگاکانی نزیکی؛ شارەزایانیش پێیان وایە کارکردن بە سیستمی (BOO) بارگرانیی تێچووی دروستکردن و پاڵاوتن لەسەر بودجەی گشتیی دەوڵەت لادەبات.

105 جار خوێندراوەتەوە