تورکیا یەکەمین
سەکۆی سەرئاوکەوتووی تایبەت بە چارەسەرکردنی غازی سروشتیی ڕەوانەی کێڵگەی
"سەکاریا" لە دەریای ڕەش کرد، کە بڕیارە لە ساڵی 2027ەوە غازی ناوخۆیی
بۆ سێیەکی خێزانەکانی ئەو وڵاتە دابین بکات.
ئەمڕۆ شەممە،
ئەلپ ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا لە مەراسیمی
بەڕێکردنی سەکۆی سەرئاوکەوتووی "عوسمان غازی"دا ڕایگەیاند، ئەم سەکۆیە
تا ساڵی 2027 بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی سەکاریا بۆ 20 ملیۆن مەتر سێجا لە
ڕۆژێکدا بەرز دەکاتەوە، ئامانجی وەزارەتەکەشیان ئەوەیە پێش کۆتایی ئەمساڵ مەشخەڵی
غاز لە تاوەری گڕی سەکۆکەدا دابگیرسێنێت.
هاوکات ڕەجەب
تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکدا سەکۆی "عوسمان غازی"ی
وەک یەکەم کارگە لە سنووری ئاویی وڵاتەکەیدا (نیشتمانی شین) لە چوارچێوەی دیدگای
"سەدەی تورکیا"دا وەسف کرد و وتی: "ئەمڕۆ بە ناردنی ئەم سەکۆیە بۆ
شوێنی کارکردنی لە دەریای ڕەش، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆماندا لە بواری وزە
دەکەینەوە."
سەکۆی
"عوسمان غازی" لە ڕێگەی 21 یەکەی سەر پشتییەوە غازی دەرهێنراوی بیرەکانی
کێڵگەی سەکاریا چارەسەر دەکات و دواتر بە بۆریی ژێر دەریا دەیگوازێتەوە بۆ بەندەری
فیلیۆس، بەمەش بەرهەمهێنانی غاز لە دەریای ڕەشدا دوو هێندە دەبێتەوە.
47 جار خوێندراوەتەوە