سی ئێن ئێن: ئەمریکا دەیەوێت دایکی بۆمبەکان لە دژی ئێران بەکاربهێنێت

KNN : Kurdish News Network
11:49 - 15/10/2026
جیهان
+
-

سوپای ئەمەریکا پلانی سەربازیی نوێی داڕشتووە کە تیایدا گەورەترین بۆمبی نائەتۆمیی ناسراو بە "دایکی بۆمبەکان" دژی ژێرخانی وزە و پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران بەکاردەهێنێت. ئەم هەنگاوە ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی جێبەجێکردنی بدات، دەبێتە پێشهاتێکی گەورە لە جەنگی نێوان واشنتۆن و تاراندا.

 

بەپێی راپۆرتیکی سی ئێن ئێن بەرپرسانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ترەمپ لەژێر فشارێکی گەورەدایە بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا خواستی لەسەر نەماوە، بەتایبەت لەکاتێکدا کۆمارییەکان ترسیان لە کاردانەوەی نەرێنیی دەنگدەران هەیە لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا. سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر بۆردومانەکاندا، هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لە ئارادا نییە.

 

دایکی بۆمبەکان ناوی (GBU-43/B)یە و کێشەکەی (21) هەزار و (600) پاوەندە، بەڵام گومان هەیە لە توانای وێرانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەتایبەت دامەزراوەی شاخی (کوڵنگ) کە لەژێر چینە بەردی گرانێتدا دروستکراوە. شارەزایان پێیان وایە ئەم بۆمبە زەبەلاحە زیاتر بۆ "شەڕی دەروونی" بەکاردەهێنرێت نەک وێرانکردنی قووڵایی زەوی.

 

کۆشکی سپی بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕێت کە بتوانێت وەک "سەرکەوتنێکی ڕەمزی" یان "نمایشێکی ئاگرین" بە خەڵکی ئەمەریکای بفرۆشێت. ترەمپ نایەوێت هێزی وشکانی بنێرێتە ئێران، لە هەمان کاتیشدا پێی وایە کشانەوەی هێزەکانی بێ ئەنجامدانی کارێکی گەورە، وەک "شکست" لێکدەدرێتەوە.

 

کۆشکی سپی ڕەتیکردەوە زانیاری لەسەر ئەم پلانە سەربازییە هەستیارانە ئاشکرا بکات، بەڵام جەختی کردەوە "هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن بۆ ڕێگریکردن لە ئێران تا نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی". پێشتریش لە ساڵی (2017)، دۆناڵد ترەمپ یەکەم سەرۆک بوو کە فەرمانی دا بە بەکارهێنانی ئەم بۆمبە دژی تونێلەکانی چەکدارانی داعش لە ئەفغانستان.

222 جار خوێندراوەتەوە