دۆناڵد ترەمپ،
سەرۆکی ئەمەریکا دان بەوەدا دەنێت کە ڕەنگە واشنتۆن لە بەئامانجگرتنی سەرکردایەتیی
ئێراندا زیادەڕەویی کردبێت. جەختیش دەکاتەوە؛ لە ئێستادا دیاریکردنی لایەنی
دانوستانکار لەناو ئێراندا کارێکی سەختە.
لە میانەی
کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتی کۆمارییەکان لە شاری یۆنگستاون لە ویلایەتی ئۆهایۆ،
ترەمپ ڕایگەیاند؛ پێدەچێت ئەمەریکا هێندە سەرکردەکانی ئێرانی کردبێتە ئامانج،
ئێستا نەزانێت لەگەڵ کێدا دانوستان دەکات، بۆیە دەبوو لە قۆناغەکانی سەرەتادا
گرژییەکان ڕابگیرێن.
ترەمپ دەڵێت:
"دەبوایە بهێڵم سەرکردەکان بمێنن، چونکە ئێستا بەڕاستی نازانم لەگەڵ کێدا
دانوستان دەکەین، داواکاریی سەرەکییشیان لە کاتی دانوستانەکاندا ئەوەیە: تکایە،
ڕێگەمان پێدەدەن لە ژیاندا بمێنین؟"
هاوکات، ترەمپ
و بەرپرسانی ئیدارەکەی و لە نێویاندا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژە
بەوە دەکەن، کەسایەتییەکانی وەک مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و عەباس
عێراقچی، وەزیری دەرەوە ئارەزووی دانوستان دەکەن. بەڵام دوای نەمانی سەرکردە
مێژووییەکان، واشنتۆن دڵنیا نییە لە تاران کێ بڕیاری کۆتایی دەدات.
ئەم لێدوانانە
دوای چەند مانگێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆی ئەمەریکا و ئیسرائیل
دێن، کە تێیدا ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی باڵای سیاسی و ئەمنیی ئێران کوژران.
دیارترینیان عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشوو، لەگەڵ عەلی لاریجانی، عەلی شەمخانی و
چەند کەسایەتییەکی دیکەن.
لە بەرامبەردا،
تاران گێڕانەوەکەی ئەمەریکای ڕەتکردەوە. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ڕایگەیاند؛ واشنتۆن زۆر باش هاوتا ئێرانییەکەی و میکانیزمەکانی دروستکردنی بڕیار
دەناسێت. جەختیشی کردەوە کە قسەکانی ترەمپ گوزارشتە لە ناکۆکیی هەڵوێستەکانی
ئەمەریکا، نەک نەبوونی لایەنی دانوستانکار.
175 جار خوێندراوەتەوە