شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە؛ پلەکانی گەرما دادەبەزن

KNN : Kurdish News Network
10:30 - 15/10/2026
کوردستان
+
-

شەپۆلێکی نوێی بارانبارین و هەورەبروسکە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی شەپۆلەکەشدا پلەکانی گەرما دادەبەزن.

 

بەپێی پێشبینییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە بارانبارین لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچەکانی ڕۆژئاوا بەشێوەی نمەباران دەست پێدەکات و شەویش کاریگەرییەکەی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵات زیاتر دەبێت. بۆ سبەینێ هەینیش ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت و شەپۆلەکە بەشێوەی پچڕپچڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە.

 

هاوکات، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاستەوە، لە کاتەکانی نیوەڕۆ بۆ شەوی هەینی، لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر، لەگەڵ ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕین تاوەباران و هەورەبروسکە چالاک دەبێت، بەڵام کاریگەریی شەپۆلەکە لە کەرکوک، سلێمانی و هەڵەبجە لەگەڵ گەرمیان لاوازتر دەبێت و تەنها ئەگەری بارانی پچڕپچڕ هەیە.

 

سەبارەت بە پلەکانی گەرماش، پێشبینی دەکرێت لە سبەینێوە دابەزن و خێرایی باش لە زۆربەی ناوچەکاندا لە نێوان (10 بۆ 20) کیلۆمەتردا دەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی سەرما بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان و کاتەکانی شەودا زیاتر دەکات. شەوی هەینیش کاریگەریی ئەم شەپۆلە لاواز دەبێت و بەرەو کۆتایی دەچێت.

287 جار خوێندراوەتەوە