ڕۆژنامەیەکی
ئێرانی نزیک لە سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ئاشکرای دەکات، ئەمەریکا و ئیسرائیل
بڕیاری هەڵگیرساندنی جەنگێکی نوێیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوە. هاوکات پێی وایە
ئاڵوگۆڕی نامە لە نێوان تاران و واشنتۆن، پێش دەستپێکردنی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی
سەربازیی نوێ هیچ ئەنجامێکی بەرچاو و ئەرێنی نابێت.
ڕۆژنامەی
"خۆراسان"ی نزیک لە محەمەد باقر قاڵیباف بڵاویکردووەتەوە، بەپێی
شیکارییەکان بۆ پێشهاتەکانی هەفتەی ڕابردوو، بڕیاری دەستپێکردنی شەڕی داهاتوو لە
واشنتۆن و تەلئەبیب دراوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی ئەزموونی ساڵانی
ڕابردووەوە، تاران گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی نامەگۆڕینەوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت
تا دوای ڕووبەڕووبوونەوەی داهاتوو، بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک لەسەر بڕیاری
هەڵگیرساندنی ئەو جەنگە بخاتەڕوو.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، ڕۆژنامەکە ڕەخنەی توند لە جەمسەرگیریی سیاسیی ناوخۆی ئێران
دەگرێت و دەڵێت: ڕەوتی چاکسازیخوازان بۆ چەندین دەیە مانەوەی خۆیان بە دانوستان
لەگەڵ ئەمەریکا گرێداوە، لە بەرامبەریشدا باڵی بەرامبەر داهاتووی سیاسیی خۆی لە
ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەبینێتەوە.
255 جار خوێندراوەتەوە