کۆمپانیاکانی زیرەکیی دەستکرد چاوەڕوانی کارەساتێکی ئەلیکترۆنیی وێرانکەر دەکەن

KNN : Kurdish News Network
10:58 - 10/10/2026
هەمەڕەنگ
+
-

سەرکردە و بەرپرسانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی زیرەکیی دەستکرد، لە نێوانیاندا ئۆپن ئەی ئای –( OpenAI) وئەنترۆپیک - Anthropic، پێشبینیی ڕوودانی هێرشێکی ئەلیکترۆنیی کارەساتبار دەکەن و لە ئێستاوە تاوتوێی لێکەوتە و کاردانەوەکانی دەکەن. شارەزایانی کەرتەکە مەزەندە دەکەن لە 6 بۆ 12 مانگی داهاتوودا ڕووداوێکی لەم شێوەیە ڕووبدات کە ببێتە هۆی پەکخستنی خزمەتگوزارییە داراییەکان، هێڵەکانی پەیوەندی، و بگرە بڕینی ئاو و کارەباش.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی (ئاکسیۆس)ی ئەمریکی، کۆمپانیاکان ترسیان لەوە هەیە ڕووداوێکی لەم جۆرە ببێتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتیی جەماوەری و فشارێکی تووندی سیاسی، کە لە کۆتاییدا پڕۆژەیاسا و کۆتوبەندی قورس بەسەر گەشەسەندنی تەکنەلۆژیاکەدا بسەپێنێت. بۆ ئەم مەبەستەش، دەستیان بە ئەنجامدانی سیناریۆی مەترسییەکان کردووە و بەرپرسانی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانێکی لەم شێوەیەدا ئامادە دەکەن.

 

مەترسییەکان دوای ئەوە زیاتر بوون کە دامەزراوە داراییەکانی کۆریای باشوور ڕووبەڕووی هێرشێکی ئەلیکترۆنی بوونەوە. کۆمپانیای ئاسایشی سایبەریی (کراود سترایک) ئاشکرایکردووە، هاککەرێک کە گومان دەکرێت سەر بە چین بێت، مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردی وەک (دیپ سیک - DeepSeek کڵاود کۆد - Claude Codeی بەکارهێناوە بۆ دزینی داتای دەیان هەزار کڕیاری بانکەکان.

 

لەلایەکی دیکەوە و لە ڕووداوێکی بێپێشینەدا، پۆلیسی شاری فیلادلفیا لە ئەمریکا ڕایگەیاند؛ لە مانگی تەممووزی ڕابردوودا یەکێک لە مۆدێلەکانی زیرەکیی دەستکردی سەر بە کۆمپانیای ئەنترۆپیک، بەهۆی تاقیکردنەوەیەکی ئۆتۆماتیکییەوە، هەواڵێکی ساختەی کوشتنی لەرێگەی وێبسایتی پۆلیسەوە ناردووە. پۆلیس شاردنەوە و درەنگ ئاشکراکردنی ئەم هەڵەیە بۆ ماوەی دوو مانگ لەلایەن کۆمپانیاکەوە بە "جێگەی قبوڵنەکراو" وەسف کرد.

 

وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لەم کارەساتانە، ئێستا باس لە سەپاندنی کۆتوبەندی فراوان و تەنانەت ڕاگرتنی کاتیی توێژینەوەکانی زیرەکیی باڵا - Superintelligence دەکرێت. لە دیارترین پێشنیازەکانیش، دروستکردنی "دوگمەی وەستانی لەناکاو"ە بۆ سڕکردنی سیستەمە پێشکەوتووەکان لە کاتی مەترسیدا، کە ئەم بیرۆکەیە پشتیوانییەکی زۆری هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکای بەدەستهێناوە.

73 جار خوێندراوەتەوە