کۆشکی سپی
داوای لە کۆنگرێس کرد لە پڕۆژەیاسای بەردەوامیی خەرجییەکاندا زیادکردنی بودجە بۆ
چەند بەرنامەیەکی دیاریکراو جێگیر بکات، کە پێویستە پێش 11ی ئەیلوولی داهاتوو
پەسەند بکرێت تاوەکو خۆ لە داخرانی حکومەت بەدوور بگیرێت.
ئیدارەی
ئەمریکا هۆشداریی داوە ئەگەر پارەی زیادە تەرخان نەکرێت، بەرهەمهێنانی سیستەمی
بەرگریی مووشەکیی "گومەزی زێڕین" دەوەستێت کە یەکێکە لە دیارترین
دەستپێشخەرییەکانی دۆناڵد ترەمپ. هاوکات داوای ڕێگەپێدانی کردووە تا هێزی دەریایی کەرەستە بۆ دروستکردنی
یەکەم کەشتیی جەنگی لە جۆری "ترامپ" بکڕێت، کە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت
لە بودجەی 2027دا ملیارێک دۆلاری بۆ دابین بکات، سەرەڕای جیاوازیی بۆچوونی
یاسادانەران لەسەر پڕۆژەکە.
لە بواری
ئاسایش و بەرگریدا، کۆشکی سپی دەیەوێت دەسەڵاتی خێرا بداتە وەزارەتی جەنگ بۆ کڕینی
تەکنەلۆژیای دژەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان و خێراکردنی بەرهەمهێنانی ئەو تەقەمەنییانەی لە
دەرەوە بە چڕی بەکارهێنراون. داواکارییەکە تەرخانکردنی بودجە بۆ چاککردنەوە و
پاراستنی ژێردەریاییەکانی "کۆڵۆمبیا" و "ڤێرجینیا"ش
لەخۆدەگرێت.
بۆ پاراستنی
سەلامەتیی گەشتیاران دوای ڕاگرتنی گەشتەکان لەم دواییانەدا، ئیدارەی ئەمریکا هەوڵ
دەدات دەسەڵاتی زیاتر بداتە ئیدارەی فڕۆکەوانیی فیدراڵی تا سیستەمی چاودێریی
ئاسمانی نوێ بکاتەوە. لە تەنیشت ئەمەشەوە، داوای دوو ملیار دۆلاری زیادەی کردووە
بۆ پاڵپشتیکردنی بەرنامەی "ئارتێمس" کە ئامانجی گەڕاندنەوەی
ئاسمانەوانانی ئەمریکایە بۆ سەر مانگ.
83 جار خوێندراوەتەوە