عەلی زەیدی زنجیرەیەک گۆڕانکاریی توندی ئەمنی و کارگێڕی ڕاگەیاند

KNN : Kurdish News Network
10:57 - 24/11/2026
کوردستان
+
-

حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داخستنی سەرجەم دەروازە و ڕێگا نافەرمییەکان، هاوکات چەندین بەرپرسی باڵای ئەمنی و کەرتی نەوتی لەسەر دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە کارەکانیان دووردەخاتەوە.

 

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026 ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیران دوای بینینی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، زنجیرەیەک بڕیاری توندی بۆ پاراستنی سامانی وڵات دەرکردووە.

 

لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دەروازەکان، سەرۆکوەزیران بڕیاریدا دەستەی دەروازە سنوورییەکان سەرجەم دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وەربگرێتەوە. هاوکات حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، مەگەر لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.
بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان، فەرماندەیی هێزەکانی سنوور سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دادەخات، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە. هەروەها لیواکانی بەرژەوەندیی هاوبەش (یەکەم و دووەم) لە وەزارەتی بەرگری سەرجەم ڕێگا خۆڵین و نافەرمییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین، کەرکووک و نەینەوا دادەخەن.

 

لە بواری بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکاندا، وەزارەتی نەوتی عێراق سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتەکە بەڕێوەدەبات کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا و لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزەش دەیانپارێزێت و بە کامێرا چاودێرییان دەکات.

 

لە چوارچێوەی ڕێکارە چاودێرییەکاندا، تیمی ئەندازیاریی نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە بازگەکانی دەروازەی هەولێر، سلێمانی و دهۆک گۆڕەپان و تاقیگەی تایبەت دادەمەزرێنێت بۆ پشکنینی ئەو بەرهەمە نەوتییانەی دەچنە ئەو پارێزگایانەوە، وەزارەتی پیشەسازیش لە ماوەی شەش مانگدا سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتای ئەو چوار پارێزگایە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی.

 

لە ڕووی سزا کارگێڕییەکانەوە، سەرۆکوەزیران هەریەک لە سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک، فەرماندەی لیوای یەکی پۆلیسی وزە و جێگرەکەی، بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەڕێوەبەری بەشی بازگەکانی لیواکە، لەگەڵ بەڕێوەبەری بەشی پشکنینی کەرکووک لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.

 

هاوکات سزای سەرزەنشتکردن ئاراستەی بەڕێوەبەرانی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی نیشتمانی لە کەرکووک کرا، و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و پیشەسازییە کانزاییەکان لە کارەکانیان ڕاگیران و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای نەوتی باکووریش ڕەوانەی لێکۆڵینەوە کرا.

 

لە کۆتاییشدا، سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی ڕەوانەی دادگا و دەستەی دەستپاکی کران، بەتایبەت وردبینیکردن لە گرێبەستەکانی فرۆشتنی سووتەمەنی لەگەڵ کۆمپانیای "تەوەری زیوین"، میکانیزمی ڕادەستکردنی نەوتی خاو بە هەردوو پاڵاوگەی بازیان و کار، خەرجکردنی پارە بۆ پاسەوانی مەدەنیی نەبوو لەسەر زەوی، و ئاشکراکردنی بڕی ئەو سووتەمەنییەی لە ڕێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە بە قاچاخ براوەتە دەرەوەی عێراق.

42 جار خوێندراوەتەوە