وەزارەتی
گەنجینەی ئەمریکا هۆشداریی "مەترسیی سزای لاوەکی" خستە سەر ناوی (9)
کەسایەتی و لایەنی عێراقی کە پێشتر بەهۆی پەیوەندییان بە ئێرانەوە خرابوونە لیستی
سزاکانەوە، ئەمەش وادەکات هەر لایەنێکی دەرەوەی ئەمریکا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات،
ڕووبەڕووی هەمان سزای ئەمریکی ببێتەوە.
بەپێی نوێترین
زانیارییەکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایەکانی دەرەوە (OFAC)ی سەر بە وەزارەتەکە، دوو بانکی
عێراقی لە بەغداد، لەگەڵ شەش کەسایەتی و کۆمپانیایەکی نەوتی کە ناونیشانەکەی لە
بەسرەیە، مەترسیی سزای لاوەکییان خراوەتە سەر. ئەم زیادکردنەش بەشێکە لە بڕیارێکی
فراوانتر کە سەدان ناوی ناو بەرنامەی سزاکانی سەر کەرتی ئابووریی ئێرانی
گرتووەتەوە.
لە لایەکی
دیکەشەوە و لە چوارچێوەی هەمان ڕێکاردا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (5)
کەسایەتی و (10) قەوارەی نوێی خستە لیستی سزاکانەوە بە
تۆمەتی پاڵپشتیکردنی "کەشتیگەلی سێبەر"ی ئێران، کە زۆرینەیان لە وڵاتی
هندستانن و هیچ عێراقییەکیان تێدا نییە.
614 جار خوێندراوەتەوە