نرخی زێڕ لە هەولێر و بەغدا بەرز بووەوە

KNN : Kurdish News Network
12:56 - 23/11/2026
ئابوری
+
-

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕە ناوخۆییەکانی بەغدا و هەولێر بەرز بووەوە و بەهۆی زۆربوونی خواستیشەوە، هەندێک بازرگان بڕێک پارە دەخەنە سەر نرخە فەرمییەکەی بۆرسەی جیهانی.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز، لە بازاڕەکانی کۆفرۆشیی شەقامی نەهر لە بەغدا، نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21ی کەنداوی، تورکی و ئەورووپی گەیشتە 845 هەزار دینار و نرخی کڕینیشی 841 هەزار دینار بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە بە 840 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.

 

لە هەمان بازاڕدا، نرخی فرۆشتنی مسقاڵێک زێڕی عێراقیی عەیار 21 گەیشتە 815 هەزار دینار و نرخی کڕینی بە 811 هەزار دینار تۆمار کرا. لە دوکانەکانی زێڕینگەریشدا مسقاڵی زێڕی کەنداوی عەیار 21 لەنێوان 845 بۆ 855 هەزار دینار و زێڕی عێراقیش لەنێوان 815 بۆ 825 هەزار دیناردا دەفرۆشرێت.

 

لە بازاڕەکانی هەولێریش نرخەکان هەڵکشان و نرخی فرۆشتنی یەک مسقاڵ زێڕ بەم شێوەیە تۆمار کرا: یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22 بە 945 هەزار دینار، عەیارە 21 بە 902 هەزار و عەیارە 18ەش بە 773 هەزار دینارە.

 

ویسام ئەلئەعرەجی، خاوەنی یەکێک لە دوکانەکانی زێڕینگەری لە بەغدا ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی خواست وا لە هەندێک بازرگان دەکات بەگوێرەی ئاستی داواکاری و کاریگەریی خواست و خستنەڕوو، نزیکەی 200 دۆلار بخەنە سەر نرخی تۆمارکراوی بۆرسەی جیهانی.

 

ئەلئەعرەجی ڕوونی کردەوە، لە بەغدا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بەپێی بۆرسەی جیهانی و نرخی دۆلار بەبێ حەقدەستی داڕشتن نزیکەی 845 هەزار دینارە، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخی فرۆشتنی دەکرێت بگاتە نزیکەی 885 هەزار دینار.
زێڕینگەران لە دیاریکردنی نرخی زێڕدا پشت بە هاوکێشەیەکی ژمێریاری دەبەستن کە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ لە بۆرسەی جیهانی و نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی لەخۆ دەگرێت.

64 جار خوێندراوەتەوە