وەزارەتی
پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکە لە بەرهەمهێنانی گەنم، خورما
و پەتاتەدا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی خۆبژێوی، بەڵام لە ماوەی نێوان ساڵانی 2017
بۆ 2023دا بەرهەمهێنانی چەڵتووک بە ڕێژەی زیاتر لە 95% دابەزیوە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاوی کردووەتەوە، لە
ساڵی 2023دا ڕێژەی خۆبژێوی لە گەنم گەیشتووەتە 99.5%، لە خورما 178.5% و لە پەتاتە
97% بووە، هاوکات زیادەی بەرهەمی خورما 329.8 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە.
ڕاگەیەندراوەکە
ئاشکرای کردووە، هەر لە ساڵی 2023دا بەرهەمی تەماتە بە ڕێژەی 75.4% بەرز بووەتەوە
و گەیشتووەتە 534.8 هەزار تۆن، هەروەها ڕێژەی خۆبژێوی لە گۆشتی مریشکدا 82.2% و لە
هێلکەی خواردندا 58% بووە.
لە بەرامبەردا
بەرهەمهێنانی چەڵتووک پاشەکشەیەکی توندی تۆمار کردووە و لە 265.9 هەزار تۆنەوە لە
ساڵی 2017 بۆ 12.6 هەزار تۆن لە ساڵی 2023 دابەزیوە. بەو هۆیەوە ڕێژەی خۆبژێوی لەو
بەرهەمەدا بۆ 0.6% کەم بووەتەوە و کەلێنی هاوردەکردن زیاتر لە 2.06 ملیۆن تۆنی
تێپەڕاندووە.
وەزارەتی
پلاندانان هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی بۆ کەمئاوی و کەمکردنەوەی پلانە کشتوکاڵییەکان
گەڕاندووەتەوە، کە بوونە هۆی کەمبوونەوەی ڕووبەری چێندراو بە چەڵتووک؛ بەرهەمێک کە
لە قۆناغەکانی گەشەکردنیدا بە پلەیەکی زۆر پشت بە بوونی ئاو دەبەستێت.
چەڵتووک کە
برنجی لێ بەرهەم دێت، بەتایبەت جۆرەکانی عەنبەر و برنجی باو لە بەکارهێنانی
ناوخۆدا، بە یەکێک لە بەرهەمە خۆراکییە گرنگەکانی عێراق دادەنرێت. باشتربوونی دۆخی
ئاو وای لە وەزارەتی کشتوکاڵ کرد لە ساڵی 2024دا ڕووبەری بڕیارلێدراو بۆ چاندنی
فراوان بکات، پێش ئەوەی لە حوزەیرانی 2026دا هەڵگرتنی کۆتوبەندەکان لەسەر چاندنی
لە چوارچێوەی بەرهەمە ستراتیژییەکاندا ڕابگەیەنێت.
سەبارەت بە
خورماش، داتاکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) کە لە
ئازاری 2024 بڵاو کراونەتەوە، دەریدەخەن عێراق لە ساڵی 2023دا پلەی چوارەمی جیهانی
لە بەرهەمهێنانی خورمادا گرتووە. بەپێی لێدوانەکانی پێشووتری وەزارەتی کشتوکاڵ،
هەناردەی خورمای عێراق لەنێوان 300 بۆ 350 هەزار تۆندا بووە و بەرهەمهێنەران و
هەناردەکاران بە سوودوەرگرتن لە خواست لەسەر جۆرە عێراقییەکان، ڕوویان لە
بازاڕەکانی ناوچەکە و وڵاتانی دیکە کردووە.
لەبارەی
بەرهەمەکانی دیکەشەوە، ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بە بەردەوامیی
پشتبەستنی عێراق بە هاوردەکردن کردووە بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی، بە
جۆرێک ڕێژەی خۆبژێوی لە کونجیدا 15.2%، لە پاقلەی وشکدا 16.7% و لە
مزرەمەنییەکاندا 41.8% بووە.
89 جار خوێندراوەتەوە